ئەمەریکا.. لە چەند رووداوێکی تەقەکردندا شەش کەس کوژران
"لە بەردەم ماڵەکانی خۆیان کوژراون"
K24 - هەولێر:
سێ رووداوی تەقەکردن لە شاری دیترۆیت لە باکووری ئەمەریکا کوژرانی سێ کەسی لێکەوتەوە، سێ کەسی دیکەش لە بەردەم ماڵەکانی خۆیان لە ویلایەتی تێکساس کوژران.
جەیمس وایت، بەڕێوەبەری پۆلیسی دیترۆیت رایگەیاند، بەرە بەیانی ئەمڕۆ، پیاوێك و دوو ژن لە سێ شوێنی جیاوازی شارەکەدا بە کوژراوی دۆزرانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، گومانلێکراوێك کە نزیکی شوێنی یەکێك لە رووداوەکان بووە، کاتێک داوای لێکراوە ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بە گوللـە وەڵامی هێزە ئەمنیەکانی داوەتەوە و هەڵاتووە.
پۆلیسی دیترۆیت دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی گومانلێکراوەکە، داوای لە هاووڵاتیانی ئەو شارە کرد، هاوکاربن لە دۆزینەوەی ئەو کەسە، دواتر مایک دۆگان سەرۆکی شارەوانی دیترۆیت رایگەیاند، گومانلێکراوەکە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا.
جەیمس وایت گوتیشی: تەقەکان وادەردەکەون کە زۆر "بە هەڕەمەکی کراون"، یەکێک لە قوربانییەکان لەناو پاسێکدا بووە کاتێک گوللـەی بەرکەوتووە، یەکێکی دیکەش بە شەقامێکدا رۆیشتووە و ئەوی سێیەمیش پیاوێك بووە کە پیاسەی بە سەگەکەی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سێ کەس لە ویلایەتی تێکساس لەبەردەم ماڵەکانیان تەقەیان لێکرا و کوژران.
لەو بارەیەوە ترۆی فینەر بەڕێوەبەری پۆلیسی هیوستن ئاشکرایکرد، کەسێک ئاگری لە چەند ماڵێک بەرداوە و کاتێك دانیشتووانەکانی هاتوونەتە دەرەوە، تەقەی لێیان کردووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام تەقەکردنی هەڕەمەکی بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاسادانەران ئامادە نین یاسای سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەك دەربکەن، هەرچەندە راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمەریکییەکان پشتگیری لە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەکەن.