ئاسایشی هەولێر: هەڵاتووەکەی عەنکاوە دەستگیرکرایەوە
"هیچ تاوانبارێک ناتوانێت لەدەستی یاسا رابکات"
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەو تاوانبارەی لە رێکەوتی 25ـی ئابی 2022 لە قەزای عەنکاوە، لەکاتی گواستنەوەی لەدەستی هێزە ئەمنییەکان رایکرد و خۆی حەشاردا، ئەمڕۆ دەستگیرکرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، دوای بەدواداچونی تیمەکانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی دژەتیرۆر و ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر، توانرا شوێنی تاوانبار دەستنیشان بکرێت و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/9/2022 تاوانبار دەستگیرکرایەوە و دوو کەسی دیکەش بە ناوەکانی (م.و.ن) و (ه.و.ن) کە هەستابوون بە شاردنەوەی تاوانبار لای خۆیان، رادەستی یاسا کران.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شاری هەولێر، هاووڵاتیانی شارەکە دڵنیادەکەنەوە کە "هیچ تاوانبارێک ناتوانێت لەدەستی یاسا رابکات و هەموومان لە خزمەتی ئارامی و سەقامگیری بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان بەردەوام دەبین".