ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایه‌ك له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوا لە لایەنە سیاسییه‌كانی عێراق دەکات، دانبەخۆیاندا بگرن و بەبێ دواکەوتن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان، گفتوگۆبکەن.
لە راگەیه‌ندراوێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیدانەی توندوتیژییەکانی رۆژانی 29 و 30 مانگی رابردووی عێراقی کرد و نیگەرانی خۆشی لەبارەی بوونی قوربانی به‌هۆی توندوتیژییەکان دەربڕی.
داواش لە لایەنە سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات، دانبەخۆیاندا بگرن و پێشوازیشی لە دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لە توندوتیژی زیاتر کردووە.
هەروەها جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ناکۆکییە سیاسییەکانیان بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەربکەن و رێزیش لە یاسا و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگرن.
رۆژی 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگه‌یاند، ئاماژەی بەوەشدابوو، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا سەدر داواشیکردبوو، زۆربەی دامودەزگاکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن.
بڕیارەكه‌ی سەدر دوای ئەوە هات، رۆژی دووشه‌ممه 29ـی ئابی 2022، کازم حائیری، کە بە مەرجەعی رەوتی سەدر لە عێراق دادەنرێت، بەهۆی نەخۆشییەوە له‌كاره‌كه‌ی دووركه‌وته‌وه و داواشیكرد، پابەندی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بن.
لە بارەی ئەم بڕیارەی کازم حائیری، موقتەدا سەدر گوتی: "بڕیارەکەی کازم حائیری ئارەزوومەندانە نییە".
دوای تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رۆژی دووشه‌ممه 29ـی ئابی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێرشیانكرده سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، داوای رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان ده‌كرد.
شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان چه‌كدارانی سه‌رایا سه‌لام، باڵی سه‌ربازی ره‌وتی سه‌در و لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌مانگی روویدا، به‌وهۆیه‌وه 30 خۆپیشانده‌ر گیانیانله‌ده‌ستدا و زیاتر له 300 هاووڵاتیی تریش برینداربوون.