تاران وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌داته‌وه
K24 – هه‌ولێر
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی، ئێران وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه و واشنتنیش ئاشكرای ده‌كات، وه‌ڵامه‌كه‌ی تاران بنیاتنه‌ر نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و "رێككه‌وتنه مێژووییه‌ی" پێشتر واژۆكرابوو.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، له رێگه‌ی رێكخه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ دانوستانه‌كان، وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی واشنتنی داوه‌ته‌وه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 2015 سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی.
ناسڕ كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه، له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، وه‌ڵامی خۆمان له رێگه‌ی جۆزێپ بۆرێل، رێكخه‌ری دانوستانه‌كانی نێوان تاران و رۆژئاوا گه‌یاندووه‌ته لایه‌نی به‌رامبه‌ر، به ئامانجی كۆتاییهێنان به دانوستانه‌كان و گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كۆتایی، به‌بێ ئه‌وه‌ی وورده‌كاری زیاتر ئاشكرابكات.
له‌به‌رامبه‌ردا، فیدانت باتیڵ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، جه‌ختی له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاران له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانیان كرده‌وه و ئاشكرایكرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی تاران بنیاتنهرنین بۆ رێككه‌وتن، به‌ڵام تاوتوێی ده‌كه‌ین و له رێگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر وه‌ڵامی تاران سه‌باره‌ت به پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، تاران پشت به زمانی هه‌ژموونی له ناوچه‌كه ده‌به‌ستێت و نایه‌وێت سازشبكات.
رۆژی چوارشه‌ممه (31ی ئابی 2022)، حوسێن عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، تاران داوای گرێنتی به‌هێزتر ده‌كات له واشنتۆن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی 2015 كه جارێكی‌تر پاشه‌كشه‌ناكات له ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها پێشتریش گوته‌بێژی دامه‌زراوه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، به ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، "داواكارییه‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی له ئێران زیاده‌ڕۆیی تێدایه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا سزاكانی سه‌ر تاران لابده‌ن و پابه‌ندبن به به‌ڵێنه‌كانی رێككه‌وتنی پێشوویان، ئه‌وا ئێرانیش جارێكی‌تر پابه‌ند ده‌بێته‌وه به بنه‌ماكانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوانیان.
هه‌روه‌ها محه‌ممه‌د ئیسلامی، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی فه‌ره‌نسا كرد و رایگه‌یاند، فه‌ره‌نسا دروستكه‌ری زۆرترین كۆسپه له دانوستانه‌كان، كه بووه‌ته هۆی درێژكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران روونیكردووه‌ته‌وه، بنه‌مای دانوستانه‌كان و كاری هاوبه‌ش له نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی، بریتییه له دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی ئێران ده‌كرێت سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژی چوارشه‌ممه (31ی ئابی 2022) به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، تاوتوێی دانوستانه‌كان و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانییان كرد، بۆ رێگریكردن له هه‌وڵه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه.
مه‌ترسی ئیسرائیل له زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا، بۆ هه‌ڵگرتنی سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر تاران ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه پێشبینی ده‌كات هاوكارییه‌كانی بۆ هێزه هاوپه‌یمانی له ناوچه‌كه، وه‌ك حزبوڵڵا له لوبنان و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له كه‌رتی غه‌ززه و گروپه چه‌كداره‌كانی دیكه له سووریا و یه‌مه‌ن، زیادبكات.