ئەردۆغان: دەمانەوێت قەبارەی بازرگانییمان لەگەڵ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا یەک ملیار دۆلار تێپەرێنێت
K24 - هەولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند، قەبارەی بازرگانیی نێوان وڵاتەکەی و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، %15 زیادیکردووە و بووەتە 627 ملیۆن دۆلار.
ئەردۆغان، راشیگەیاند: "چاوەڕوانین لە مانگەکانی داھاتووشدا بەردەوامبێت و لە کۆتایی ساڵی 2022دا ئامانجی قەبارەی بازرگانیی یەک ملیار دۆلار کە لە بنەڕەتدا ساڵی رابردوو زۆر لێی نزیک ببووینەوە، تێبپەڕێنین".
سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا بەشداریی لە کۆڕبەندی کاری بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا-تورکیادا کرد و گوتارێکی پێشکەشکرد. لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و پشتیوانیی وڵاتەکەی لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، گوتی: "لەکاتی بەرەو ھەڵبژاردندا، گرنگە لەو گوتارانەی کە دەبنە مایەی دابەشبوون خۆ بەدوور بگیرێت، لەپاڵ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا، ئابووری و ئاشتیی ناوخۆییش گرنگە. بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پشتیوانیی لە سەروەریی بۆسنە و ھەرسک، یەکپارچەیی خاکەکەی و سەقامگیریی سیاسیی دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا: "کۆی گشتیی وەبەرھێنانی کۆمپانیاکانمان کە رۆڵیان ھەیە لە بەرھەمھێنان، ھەلی کار و گەشەپێداندا لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، لە 300 ملیۆن دۆلار نزیک بووەتەوە".
سەرچاوە: AA