فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بناری قەندیل بۆردوومان دەكەن

ئاگر لە رەزو باخی ھاوڵاتیان كەوتوەتەوە

K24 – بناری قەندیل

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە بناری قەندیل بۆردوومان دەكەن و ئاگر لە ھەندێك ناوچە كەوتووەتەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگاكانی پەكەكە لە بناری قەندیل بۆردوومان دەكەن، لە سنووری گوندەكانی قەڵاتوكان و ماردوو ئاگر بەربووەتە رەز و باخی ھاوڵاتیان".

پەیامنێرمان گوتیشی: "ھەر یەك لە گوندەكانی قەڵاتوكان، رەزگە، مارەدوو، بەستی سەرخان لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان دەكرێ، ھەروەھا گوندی ورتە لە سنووری ناحیەی سەنگەسەر یەكەمجارە بۆردوومان دەكرێت".

ئاشكراشی كرد: "ژمارەی ئەو فڕۆكانەی بۆردوومانی ناوچەكە دەكەن پێكھاتوون لە چوار فڕۆكەی جەنگی و دوو فڕۆكەی چاودێری، تا ئێستا بۆردوومانەكە بەردەوامە".