ئیسرائیل پێنج سەربازی سووریای کوشت
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق-ی بۆردومان کردووە

K24 - هەولێر
لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، پێنج سەربازی سووریا کوژران.
ئاژانسی سانای فەرمی حکومەتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و چەند خاڵێکی باشووری دیمەشق، سیستمی بەرگری ئاسمانی سووریا.
راشیگەیاندووە، سووریا توانیویەتی بەشێکی مووشەکەکانی ئیسرائیل پووچەڵ بکاتەوە و لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکەدا پێنج سەربازی سووریا کوژراون و زیانی ماددیش لە شوێنی بۆردومانەکە کەوتووەتەوە.
هەر سەبارەت بە بۆردومانەکەی ئیسرائیل روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئیسرائیل کێڵگەکانی ئەلغەسولە لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق و ناوچەی ئەلکیسوا لە دەوروبەری دیمەشقی بۆردومان کردووە، کە میلیشیاکانی ئێرانیان تێدا جێگیربوون. لە ئەنجامدا حەوت میلیشیا کوژراون کە پێنجیان سووری بوون و دووی دیکەیان ئێرانی بوون.
ئەمساڵدا ئەمە 25ـە مین جارە ئیسرائیل هێرشی مووشەکی لەنێو خاکی سووریا ئەنجامدەدات.