مه‌سرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە دەکات

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مەسرور بارزانی و سێلیست واڵەندەر
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مەسرور بارزانی و سێلیست واڵەندەر

K24  - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی پێشوازی له‌ سێلیست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد .

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد و سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد بۆ ھێزی پێشمەرگە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا و ئەو یادداشتی لەیەکتێگەیشینە کرا کە ئەمڕۆ لە نێوان ھەردوولادا تایبەت بە  بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنیی واژوو دەکرێت.

 ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، مه‌سرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد بۆ ھێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش. بەتایبەتی کە ئەمڕۆ ئەو یادداشتی لەیەکتێگەیشتنە گرنگە لە نێوان ھەردوولادا واژۆ دەکرێت و، خواستی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندی ھەمەلایەنە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە.

ئاماژه‌ش به‌وه‌دراوه‌، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا کە جێی شانازییە ئەمڕۆ لێرەم بۆ واژووکردنی ئەو یادداشتە لەیەکتێگەیشتنە کە نیشانەی بەھێزی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکایە.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ئیرڤین هیکس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.