ئێران هۆشداریی دەداتە ئەوروپا و بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی تاوانباری دەکات

"پێویستە چاوەڕێی هەڵمەتی وەڵامدانەوە و کاریگەری ئێران بکات"

دیمه‌نێكی دانووستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆگرامی ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران
دیمه‌نێكی دانووستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆگرامی ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 - هەولێر:

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەی لە بەرامبەر "دەستوەردان" له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەوروپا له‌باره‌ی وڵاتەکەی نیشاندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لویجی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا خۆپیشاندانەکانی ئێران و دانوستانە ئەتۆمییەکانی تاوتوێ کردووە.

عەبدوڵڵاهیان لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەکەی ئاماژەی بەوەکرد، ئێران رێز لە داواکارییە ئاشتییانەکان دەگرێت بەڵام بە تایبەتی لە ناوچەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە و شاری زاهیدان لە باشووری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە "بیانییەکان، سیخوڕ و تیرۆریستەکان، کەسانی بێتاوان و کارمەندە ئەمنییەکانیان کوشتووە و خۆپیشاندانە ئاشتییانەکانیان بۆ چالاکی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی گۆڕیوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی بە "شێوەیەکی جددی" بەردەوامە و گوتی: "لە هەمانکاتدا، لە بەرامبەر دەستێوەردان و هەڵوێستی هەندێک بەرپرسی ئەوروپی سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییانە نیگەرانین. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا پلانی هەیە هەنگاوێکی بەپەلە و بێ بیرکردنەوە و لەسەر بنەمای دوو پێوەر بنێت، ئەوە پێویستە چاوەڕێی هەڵمەتی وەڵامدانەوە و کاریگەری ئێران بکات".

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەکرد، کە وڵاتەکەی بایەخ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات و پاڵپشتیی هەوڵەکانی سەرلەنوێ جێبەجێ کردنی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ لەو بڕوایەدایە کە دەبێت ئەم هەوڵە هاوبەشانە ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت و سەرجەم لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوونەکانیان لە رێککەوتنی ئەتۆمی.

لویجی دی مایۆ جەختی لەوەشکردەوە، رێگەدان بە هاووڵاتیی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئێرانی، باقر نامازی کە بە تاوانی ئەنجامدانی سیخوڕی سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، و دواتر ئازاد کرا، ئاماژەیەکە بۆ پێشکەوتن لەو دانوستانەی کە ئەنجامدراوە.