وەزیری پیشەسازی تورکیا سوپاسی براندێکی جلوبەرگ دەکات

بەهۆی بڕیارێکی براندەکە دژی هاورەگەزخوازی

مستەفا وارنك، وەزیری پیشەسازی تورکیا
مستەفا وارنك، وەزیری پیشەسازی تورکیا

K24 - هەولێر:

براندی جلوبەرگی تورکی (LC Waikiki) بە بڕیارێك دانانی لۆگۆ و ئاڵای کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لەسەر بەرهەمەکانی قەدەغە دەکات و، وەزیری پیشەسازی تورکیاش پێشوازی لەم بڕیارە دەکات.

مستەفا وارنك، وەزیری پیشەسازی تورکیا لە گوتارێکیدا لەمیانی کردنەوەی لقێکی نوێی براندەکە لە پارێزگای یالۆڤا لە باکووری رۆژئاوای تورکیا باسی لەوەکرد، "کۆمپانیای LC Waikiki لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەست بە بەرپسیارێتی دەکات و، رێگەی بە سەپاندنی هاورەگەزخوازی و  تێکدانی پێکهاتەی خێزان نەدا".

گوتیشی: ئەم کۆمپانیایە نموونەیەكی کارە باشەکانیان پیشانی هەمووان دەدات و، من سوپاسیان دەکەم بۆ ئەم هەڵوێستەیان.

پێشتر كۆمپانیاكە لە رێگەی ئیمەیڵەوە، پەیامی بۆ سەرجەم كارمەند و كرێكارەكانی لە بەشی دیزاین و رەنگ ناردبوو، داوایان لێكردوون "خۆتان لە دانانی هەر تابلۆ و هێمایەك كە هاوڕەگەزبازی بەرەوپێش ببات لەسەر بەرهەمەكانمان بەدووربگرن، هەستیاریمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە، هەروەها بەرپرسیارێتیمان هەیە بەرامبەر کۆمەڵگە".