مسته‌فا كازمی: پیرۆزبایی له خوشك و برا ئێزدییه‌كان ده‌كه‌م
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بەبۆنەی گه‌ڕانه‌وه‌ی جەژنی جەما، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکانی عێراق و جیهان دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌و یاده‌دا، هیوای جه‌ژنێكی پڕ له شادی بۆ خوشك و برا ئێزدییه‌كان ده‌خوازم".
له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر، مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، "پیرۆزبایی جه‌ژنی جه‌ما له خوشك و برا ئێزدییه‌كانی عێراق و ته‌واوی جیهان ده‌كه‌م، پاڵپشتیمان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانییان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه".
كازمی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "پشتگیری له دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی پێكهاته‌ی ئێزدیی و هه‌روه‌ها ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینی ئه‌وان ده‌كه‌م".
رۆژی سێی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون و ناوچه‌كانیان وێرانكران.
ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.