بڕیارەکەی ئۆپک پڵەس نرخی سووتەمەنی لە ئەمەریکا گران دەکات
K24 – هەولێر:
کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە، دوای بڕیارەکەی ئۆپک نرخی بەنزین و گەرم کردنەوەی ماڵەکانی ئەمەریکا بەرز دەبێتەوە.
کەناڵی ABC ـی ئەمەریکایی لە سەر زاری شارەزایانەوە بڵاویکردەوە نرخی سووتەمەنی هەڵدەکشێت.
ئۆپک پڵەس بڕیاری دا ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە. ئەم بڕیارە لە نۆڤەمبەری داهاتوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.
ئۆپک پڵەس ڕایگەیاندووە، هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نادیاری ڕەوشی ئابووری لە جیهاندا دەگەڕێتەوە.
شەرەزایان دەڵێن ئەو بڕیارە دەبێتا هۆی زیاد بوونی تێچووی کرێی گواستنەوە و نرخی گەشتی فڕۆکە و سەرەتا ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵات و باشووری ئەمەریکا پێی کاریگەر دەبن.
پاتریک دی هان، سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی بازاری نەوت و گاز لە کۆمپانیای GasBuddy وتی: هەر گاڵۆنێک سووتەمەنی ١٠ تا ٣٠ سەنت نرخی گران دەبێت.
پێشتریش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاندبوو، ئەمەریکا رێکاری پێویست وەک وەڵام دژی سعوودیە دەگرێتە بەر، دوای بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوتی ئۆپک پلەس.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بلینکن گوتی: لە بارەی پەیوەندی داهاتوومان لەگەڵ سعوودیە، ئێمە ژمارەیەک رێککار دەگرینەبەر، بە ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ کۆنگرێس. بێگومان ئێمە شتێک ناکەین دژ بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان.