ڤیدیۆ..كارساتێكی دیكه‌ی خوێناوی به‌رۆكی یاریگه‌كانی گرت
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له خولی تۆپی پێی ئارجێنتینا دیسان هانده‌ران كه‌وتنه گیانی یه‌كتر و خوێنڕژا و له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته جه‌نگێكی دیكه‌ی خوێناوی به‌رۆكی یاریگه‌كانی تۆپی پێی گرت.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له گه‌ڕی 23ـی خولی نایابی تۆپی پێی ئارجێنتینا له یاریگه‌ی خوان كارلۆس زێریلۆ له شاری لابلاتا، یانه‌ی خیمناسیا میوانداریی یانه‌ی بۆكاجۆنیۆرزی كرد.
له‌و یارییه‌دا بلیتی یارییه‌كه زیاتر له توانا و ژماره‌ی كورسییه‌كان فرۆشرا، یاریگه پڕبوو له هانده‌ر، ژماره‌یه‌كی زیاتری هانده‌رانیش له‌به‌رده‌م ده‌رگا وه‌ستابوون بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ژووره‌وه، به‌ڵام پۆلیس رێگه‌ی پێنه‌دان و پشێوی دروست بوو، دواتر پۆلیس به گازی فرمێسك‌ڕێژ و فیشه‌كی لاستیكی هه‌وڵی دا هانده‌ران كۆنترۆڵ بكه‌ن كه ده‌یانویست به شه‌پۆل بێنه نێو یاریگه.
دواجار یارییه‌كه له خوله‌كی 9ـه‌می ده‌ستپێكی یارییه‌كه به‌هۆی گرژی و ئاڵۆزی هانده‌ران راگیرا، له كاتێكدا ئه‌نجامه‌كه (0 ـ 0) بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری هانده‌ران ڕژانه نێو یاریگه یارییه‌كه ته‌واو نه‌كرا، دواتر به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و پاڵه‌په‌ستۆی هانده‌ران له كاتی ده‌رچوونیان له نێو یاریگه كه‌سێك تووشی جه‌ڵته‌ی دڵ ده‌بێت و گیانی له‌ده‌ست دا.
سێرجیۆ بێرنی وه‌زیری ئاسایشی بۆینس ئایرێس رایگه‌یاند له كاتی ئاژاوه‌گێرییه‌كه‌ی هانده‌ران كه‌سێك گیانی له‌ده‌ست داوه و زیاتر له 100 كه‌س بریندار بووه و له نێویاندا 5 تا 6 پۆلیسی تێدایه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا سه‌ركۆنه‌ی رووداوه‌كه‌ی كرد و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌گێری له نێو یاریگه‌كان دووربخه‌نه‌وه.
دواجار بڕیاردرا یارییه‌كه دوابخرێت، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ بۆكاجۆنیۆرز ده‌ڕه‌خسێنێت كه پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه له ئاتڵێتیكۆ توكومان وه‌ربگرێته‌وه.