مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان: موڵکداری لەگەڵ زاڵم نامێنێتەوە

"هەر بەراست ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە، بە چ تاوانێک، بێبەزەییانە کۆمەڵکوژ کران؟"

بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی لە ناو شەقامەکانی تاران
بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی لە ناو شەقامەکانی تاران

K24 - هەولێر

مامۆستایانی ئایینی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، پشتگیری "تەواو"ـی خۆیان لە داوا رەوا و یاساییەکانی خەڵک دەربڕی و کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانیان بە توندی سەرکۆنەکرد. لەو بەیاننامەیەدا سەبارەت بە کوژرانی خۆپێشاندەران و داواکاری خەڵک، هاتووە: موڵکداری لەگەڵ کوفر دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ زاڵم نامێنێتەوە.

لەو بەیاننامەیەدا کە ماڵپەڕی زەیتون بڵاوی کردووەتەوە و واژووی 266 مامۆستای ئایینی شار، شارۆچکە و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەرە، هاتووە: لە راستیدا کوژرانی ژینا ئەمینی، کچە زوڵملێکراوەکەی کورد لە غوربەت، ئەویش بە دەستی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پڕیشکی ئاگرێک بوو کە لە ناو کۆگای تەقەمەنیی دەروونی دەیان ملیۆن ئێرانی ناڕازی لە سیاسەتی کاربەدەستاندا، کەوتەوە.

ئەو مامۆستا ئایینیانە، هاوکات لەگەڵ پشتگیری تەواوی خۆیان لە داوای رەوا و یاسایی خەڵک، توندوتیژی و گرتن و کوشتنی خۆپێشاندەرانیان بە توندی شەرمەزار کردووە و داوایان لە بەرپرسان کردووە بە سیاسەت و هەڵسوکەوتی خۆیاندا بچنەوە و بە زووترین کات دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەمدواییە ئازاد بکەن و دەنگی خەڵکی ئێران ببیستن.   

 

دەقی بەیاننامەکە:

لە هەفتە و رۆژانی رابردوودا، شایەتی تەقینەوەی گڕکانی دەروونی ملیۆنان هاونیشتمانی چەوساوە بووین، ئەو چەوسانەوەیەی سەرچاوەی لە دەیان ساڵ فەرمۆاشکردن و نەبیستنی خواست و داوا ئایینی، مرۆڤی و یاساییەکانەوە، گرتووە.

خەمخۆرانی ئایین و نەتەوە، ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی جیاواز هەوڵیانداوە لە بەرپرسان بگەیەنن کە: موڵکداری لەگەڵ کوفر دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ زاڵم نامێنێتەوە

لە راستیدا کوژرانی ژینا ئەمینی، کچە زوڵملێکراوەکەی کورد لە غوربەت، ئەویش بە دەستی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پڕیشکی ئاگرێک بوو کە لە ناو کۆگای تەقەمەنیی دەروونی دەیان ملیۆن ئێرانی ناڕازی لە سیاسەتی کاربەدەستان، کەوتەوە.

بوونی جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و نیشتمانی، ئاشکرابوونی بەردەوامی گەندەڵی هەزاران ملیاردی، سوودمەندبوونی خەڵکی خۆمانە لە بەرتیل و سامانی خەڵک، سەپاندنی زۆرەملێی ئایدیۆلۆجی چینی دەسەڵاتدار، بێکاری و بێزاری گەنجان، لەبەرچاونەگرتنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، هەڵسەنگاندن و دامەزراندنی خەڵک بە پێی حەزی تاکەکەسی، گوێنەندان بە کۆچی بەلێشاوی گەنجانی هەڵکەوتوو، جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی 12، 15، 19، 23، 27 و 37ـی دەستووری هەمیشەیی و دەستوەردانی نایاسایی و دوور لە بنەمای ئایینی لە تەواوی ژیانی خەڵکدا!

لە راستیدا ئەوانەی لە سەرەوەی باس کران، ببوونە گرێ و ئەمڕۆژانە بینیمان کە لەسەر شەقامەکان تەقینەوە، بەڵام نیشاندانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندانی یاسایی و ئاشتیخوازانە و کوشتنی گەنجان، وەڵامی بەرپرسان بۆ تەواوی داواکاری ژنان و پیاوانی ئێران بوو.

لە کاتێکدا کە بە پێی ماددەی 27ـی دەستووری هەمیشەیی، گردبوونەوە و خۆپێشاندان مافی یاسایی خەڵکە، بەڵام ئێستا بە بیانووی ئاژاوەنانەوە، پێش لە کۆبوونەوەی خەڵك دەگرن و تەنانەت وای لێهات تەنها لە ماوەی چەند خولەکێکدا، زیاتر لە 80 کەسی سوننەی بەلوچ لە مزگەوتی شاری زاهیدان، بێبەزەییانە کوژران و بریندار کران.

خەڵکی ئێران هەر لە کورد، بەلوچ و عەرەبەوە بگرە تا تورک و فارس و لەسەر هەر دین و ئایینێک، وەڵامی ئەو پرسیارەیان لە بەرپرسانی حکومەت دەوێت، "بِأَىِّ ذَنۢبٍۢ قُتِلَتْ". هەر بەراست ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە، بە چ تاوانێک، بێبەزەییانە کۆمەڵکوژ کران؟

ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستایانی سوننەی ناوچە کوردنشینەکان، هاوکات لەگەڵ پشتگیری تەواوی خۆمان لە داوای رەوا و یاسایی خەڵک، توندوتیژی و گرتن و کوشتنی خۆپێشاندەران بە توندی شەرمەزار دەکەین. نزا دەکەین و هیوادارین گیانبەختکراون بە پلەی بەرز بگەن، هاوخەمی بنەماڵەکانیان و پرسەی خۆمان ئاراستەی خەڵکی بوێر و زوڵملێکراوی ئێران دەکەین.

هاوکات دووپاتیشی دەکەینەوە، ئێمە پشتگیری لە داوا ئایینی و یاساییەکانی تەواوی خەڵکی ئێران دەکەین.

داوا لە بەرپرسان دەکەین بە سیاسەت و هەڵسوکەوتی خۆیاندا بچنەوە، بە زووترین کات دەستگیرکراوانی رووداوەکانی ئەمدواییە ئازاد بکەن و دەنگی خەڵکی ئێران ببیستن.   

Fly Erbil Advertisment