ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی: ئێمه پیشه‌ییانه رووماڵی رووداوه‌كانی ئێران ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24، ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، ڕایگه‌یاند، كوردستان 24 به شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه ڕووماڵی ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌كات، ڕه‌خنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بێ لایه‌نانه ڕووماڵمان كردووه.
خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی ناڕازیی له ئێران ماوه‌ی چوار هه‌فته‌یه درێژه‌ی هه‌یه. میدیای ئێران كه‌ناڵی كوردستان 24 به دنه دانی خۆپیشانده‌ران و هاندانیان تۆمه‌تبار ده‌كات.
له وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی میدیای ڕه‌سمیی ئێران‌دا، ئه‌مشه‌و، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كوردستان 24 له میانی به‌شداری كردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان 24" رایگه‌یاند، كوردستان 24 نابێته به‌شێك له ململانێكان و ته‌نیا پیشه‌ییانه ڕووماڵی ڕووداوه‌كان ده‌كات.
زاوێته‌یی، گوتیشی: "ئێمه سرووشتییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌خنه ده‌كه‌ین، رووداوه‌كان له ده‌وروبه‌رمان هه‌ن، ئێمه پیشه‌ییانه رووماڵیان ده‌كه‌ین".
له باره‌ی ڕووماڵ كردنی ڕووداوه‌كانی ئێرانه‌وه، گوتی: "ئێمه بۆ ڕووماڵی ئێران هه‌ندێك پێوه‌رمان هه‌یه، دیارترینیان ئه‌وه بوو، كه بێلایه‌نانه ئیش بكه‌ین، لایه‌نداری خۆپیشانده‌ران و ده‌وڵه‌ت نه‌بین، پێوه‌ری دووه‌ممان وردبینی بووه، ئایا له چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه زانیاری وه‌رده‌گرین، ئێمه بۆ زانیارییه‌كان پشتمان به ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و میدیای ڕه‌سمی ئێران وه‌رگرتووه. پێوه‌ری سێیه‌ممان هاوسه‌نگی بووه، كارمان بۆ ئه‌وه كردووه، هاوسه‌نگی له نێوان خۆپیشانده‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بپارێزین. ئێمه ته‌نانه‌ت وتاری به‌ڕێز خامنه‌ییش بڵاوده‌كه‌ینه‌وه. پێوه‌ری چواره‌ممان بابه‌تیی بوونه. ئێمه كار بۆ گه‌وره‌كردن و بچووك كردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان ناكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌ستپاكی پێوه‌ری پێنجه‌مه و به‌وپه‌ڕی ده‌ستپاكییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كان ده‌كه‌ین".
روونیكرده‌وه، "نه ته‌نیا لایه‌نی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو لایه‌نی به‌رهه‌ڵستكارانی ئێرانیش ڕه‌خنه‌یان لێ گرتووین، ئه‌مه مانای وایه ئێمه پیشه‌ییانه كارمان كردووه".
باسی له‌وه‌ش كرد، "ئێمه هه‌ڵوێستمان نییه، نه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و نه به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران. ئێمه زانیاری بڵاوده‌كه‌ینه‌وه، شیكاری ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ین، میوانی جیاواز ده‌هێنین، ئه‌وه بینه‌ره‌كانمانه بۆ خۆیان هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كه‌ن".
له باره‌ی ڕه‌خنه‌كانی میدیایی ئێرانییه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری كوردستان 24 گوتی: "ئێمه ڕه‌خنه قبووڵ ده‌كه‌ین، سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی خۆمان بگه‌یه‌نینه ده‌سه‌ڵاتداران و میدیا و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، كه كاری ئێمه ته‌نیا ڕووماڵ و گواستنه‌وه‌ی زانیارییه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "كوردستان 24 ڕووماڵی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌كات، په‌یامنێران خۆیان خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری ڕاست و درووست له باره‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه بۆ بینه‌ران بگوازنه‌وه و هه‌موو ئه‌وه له پێناو گه‌یاندنێكی پیشه‌ییانه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان بووه".