هیومه‌ن ڕایتس ۆچ: له هیندستان ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر مووسڵمانه‌كان
K24 – هه‌ولێر:
ڕێكخراوی "هیومه‌ن رایتس ۆچ"ـی ئه‌مه‌ریكایی ڕایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی هیندستان سزای نایاسایی دژ به مووسڵمانه‌كان به شێوه‌یه‌كی له ڕاده به ده‌ر به‌كار ده‌هێنن و به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، گوایه یاسایان پێشێل كردووه.
ڕێكخراوه‌كه له ڕاپۆرتێكدا رایگه‌یاندووه، له زۆربه‌ی ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی پارتی "به‌هاراتیا جاناتا"ـی نه‌ته‌وه‌په‌رستی هیندۆسی ده‌سه‌ڵاتداره، ماڵی هاووڵاتیانی مووسڵمان ده‌ڕووخێنن و به بێ هیچ ده‌قێكی یاسایی ده‌ست به‌سه‌ر ماڵ و موڵكیاندا ده‌گرن.
هه‌روه‌ها هاتووه: به تۆمه‌تی په‌كخستنی فێستیڤاڵێكی هیندۆسی، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مووسڵمان فه‌لاقه كراون و ماڵه‌كانیان ڕووخێندراوه و ئه‌و شوقانهشیان ڕووخاندووه، كه ژنان و منداڵان و به‌ساڵاچووان و خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته مووسڵمانه‌كان تێیدا نیشته‌جێ ببوون.
"میناكشی گانگوڵی" به‌ڕێوبه‌ری به‌شی باشووری ئاسیا له رێكخراوه‌كه، ڕایگه‌یاند، له زۆر ویلایه‌تدا، ده‌سه‌ڵاتداران توندوتیژی دژی مووسڵمانان وه‌ك سزایه‌كی ده‌ستبه‌جێی نایاسایی به‌كار ده‌هێنن. به‌رپرسان گوێ به سه‌روه‌ری یاسا ناده‌ن و ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نن، كه ده‌توانن جیاكاری دژی مووسڵمانه‌كان بكه‌ن و ده‌ستدرێژییان بكه‌نه سه‌ر.