مه‌حموود حه‌یانی: سه‌رۆك بارزانی ئه‌ندازیاری پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه
K24 – هه‌ولێر:
"مه‌حموود حه‌یانی"، سه‌ركرده له كوتله‌ی فه‌تح، رایگه‌یاند، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئه‌ندازیاری پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقه.
"حه‌یانی" له میانی به‌شداری كردنی له به‌رنامه‌ی "باسی ڕۆژ"ی كوردستان 24 گوتی: چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆده‌بێته‌وه.
ڕوونیكرده‌وه، پرسی سه‌رۆك كۆمار، په‌یوه‌سته به هه‌ردوو لایه‌نی پارتی و یه‌كێتییه‌وه. سوننه و شیعه چاوه‌ڕێی كاندیدی هاوبه‌شی ئه‌و دوو لایه‌نه ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پارتی ئاماده‌یه كاندیدی یه‌كێتی قبووڵ بكات، ئه‌گه‌ر ناوی كاندیده‌كه‌ی بگۆڕێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، "ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د"ی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كردووه.
له به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، "به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح"ـی وه‌ك ته‌نیا كاندیدی خۆی ناساندووه.
پارتی داوای كردووه، بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر، ئه‌و پرسه له په‌رله‌مانی كوردستاندا به ده‌نگدان یه‌كلا بكرێته‌وه.
یه‌كێتی تا ئێستا نه‌چووه‌ته ژێر باری ئه‌و داواكارییه و ره‌تیده‌كاته‌وه، ئه‌و پرسه له په‌رله‌ماندا یه‌كلا بكرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌نه ڕێككه‌وتن له باره‌ی یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌گه‌ر هه‌یه سیناریۆی 2018 دووباره ببێته‌وه و به دوو كاندید بچنه هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
شیعه‌كان، "محه‌ممه‌د شیاع سوودانی"ـیان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندید كردووه. سوننه‌كانیش سه‌رۆكایه‌تی نوێنه‌رانیان هه‌یه.
ناكۆكیی پارتی و یه‌كێتیی له باره‌ی كاندیدی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆكی كۆمار پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت له لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه دوا ده‌خات.
"مه‌حموود حه‌یانی" پێی وایه پێویسته په‌له بكرێت له پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تدا، چونكه ته‌نیا دوو مانگ ده‌رفه‌ت ماوه بۆ په‌سند كردنی یاسای بودجه‌ی عێراق.
ڕوونیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌نه ڕێككه‌وتن، ئه‌سته‌مه ئه‌م چوارشه‌ممه‌یه دانیشتنی نوێنه‌ران بۆ پرسی سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه بچێت.
ئاشكرای كرد، هه‌ولێر ڕۆڵێكی گرنگی له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا هه‌یه و گوتی: "گرێ كوێره‌كان له هه‌ولێر ده‌كرێنه‌وه".
دووپاتیكرده‌وه، "بڕیاری سه‌ره‌تا و كۆتایی لای سه‌رۆك بارزانی_یه" و هه‌موو لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕوانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه ده‌كه‌ن.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، پرسه‌كه له ئاستیی نێوده‌وڵه‌تییدا بایه‌خی پێده‌درێت و گوتی: ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی فشاری كردووه، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه.
هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی عێراق، رێك یه‌ك ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چوو.
به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌یان توانیوه سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه سیاسییه‌كه ده‌ست پێ بكات.
دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م كاری سه‌رۆك كۆمار، ڕاسپاردنی كه‌سێكه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت.
"به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح"، كه یه‌كێتی وه‌ك ته‌نیا كاندیدی خۆی ده‌یناسێنێت، خولی پێشووی هه‌ڵبژاردنی عێراق، له رێگه‌ی نوێنه‌رانه‌وه به سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرا.
له‌م خوله‌دا، پارتی كه وه‌ك حزبێكی سیاسیی براوه‌ی یه‌كه‌مه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، پێویسته ئه‌و پۆسته كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت.
"مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له كۆنفرانسێكدا وتی: شیعه‌كان به زۆرینه كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیار ده‌كه‌ن، سوننه‌كانیش زۆرینه‌یان له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكی نوێنه‌ران رێكده‌كه‌ون، پێویسته زۆرینه‌ی كوردیش كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵبژێرێت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێی باش بوو، ئه‌و بابه‌ته له هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران یه‌كلا بكرێته‌وه.