رووسیا و بێلاڕووس لەسەر پێکهێنانی یەکێتیی سەربازیی هاوبەش رێککەوتن
"ئەوان چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە دەکەن"
K24 - هەولێر:
ئەلێکساندر لوکاشینکۆ، سەرۆك کۆماری بێلاڕووس رایگەیاند، لەگەڵ رووسیا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی سەربازیی هەرێمیی هاوبەش.
لوکاشینکۆ لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس رایگەیاند، دۆخی دەوروبەری بێلاڕووس "گرژ"ـە و ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و گوتی: "بەپێی پێویست وەڵامی ئەوە دەدەینەوە. خاوەنەکانی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئێمە رابکێشنە ناو جەنگەکە هەوڵ دەدەن جەنگ لە دژی بێلاڕووس دەست پێبکەن. ئەمەش (لە بەرانبەر) بێلاڕووس و رووسیا ئەنجام دەدەن".
سەرۆك کۆماری بێلاڕووس بە جەختکردنەوە لەوەی کە پێویستە رێگە بەو کارە نەدەن، گوتی: "رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر لە باشووری سنوورەکانمان. بەرپەرچی هەر دوژمنێک دەدەینەوە، ئەوان چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە دەکەن".
لوکاشینکۆ بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن کۆبووەتەوە، گوتی: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای دەوڵەتی یەکگرتوو، رووسیای فیدراڵ و کۆماری بێلاڕووس گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی یەکەی سەربازیی هەرێمیی. ئەمە لە بەڵگەکاندا نووسراوە".
سەرۆك کۆماری بێلاڕووس ئاماژەی بەوەدا، بنەمای ئەو گرووپە لە سوپای بێلاڕووس پێک دێت و هەزاران سەربازی رووسیایش بەشداری تێدا دەکەن، دەشڵێت: "پێویستە لە ئامادەکاریدابین بۆ پێشوازیکردن لە سەربازانی رووسیا بەم نزیکانە".