بافڵ تاڵهبانی پیرۆزبایی له لهتیف رهشید دهكات
K24 – ههولێر:
له پهیامێكدا، بافڵ تاڵهبانی، سهرۆكی یهكێتی نیشتمانی كوردستان پیرۆزبایی سهركهوتنی له لهتیف رهشید، سهرۆك كۆماری نوێی عێراق كرد.
له پهیامهكهدا هاتووه: بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی بەڕێز د.لەتیف رەشید، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری یەکێتی وەک سەرۆک کۆماری عیراقی فیدڕاڵ، سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پرۆسەی دیموکراسی و یەکێتی بوو.
دهقی پهیامهكه
كۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
دواجار لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبەکەی خۆتان سەرکەوتنی بەدەستھێنا و سەرباری ھەموو پیلان و مەرامەکان نەتوانرا ئیرادەی تێکبشکێنرێت و سوربووە لەسەر ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی خۆی.
بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی بەڕێز د.لەتیف رەشید، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری یەکێتی وەک سەرۆک کۆماری عیراقی فیدڕاڵ، سەرکەوتنی ئیرادەی گەل، پرۆسەی دیموکراسی و یەکێتی بوو. وێڕای پیرۆزبایی گەرمم لە بەڕێزیان، دڵنیام پشتبەستوو بە ڕابردوو، رۆڵی لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان و بەشداری لە حوکمڕانی و کاری رێکخراوەیی، لەم ئەرکە نوێ و چارەنووسسازەدا لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکان سەرکەوتوو دەبێت.
لێرەوە بۆ ھەموو لایەکی روون دەکەینەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ھەمیشە پارێزەری مافی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی وڵات دەبێت. لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکی و بەرگری دەبین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاری کردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان. لە هەوڵەکانمان بۆ پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان بەردەوام دەبین لەپێناو بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
دواجار گەلی کورد و عێراق لەم پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازەدا سەرکەوت. بەھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانمانەوە ھەر بۆچوونێکمان ھەبووبێت، یەک ئەرکمان لەسەر شانە ئەویش پاراستنی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و یەک گوتاریمانە لە ناوەند.
دەمەوێت لە کۆتاییدا سوپاسی تیمی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەم کە لەماوەی رابردوودا پاڵپشت و هاوکارمان بوون. هەروەها سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عیراق.
ھەر شاد و سەرفرازبن
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢