قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان گەیشتووەتە نزیکەی ٦٦ ملیار دۆلار
K24 – ههولێر:
لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ەوە کە دەستەی وەبەرهێنان دامەزرا، وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی روویان لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەسەرەتادا پشکی شێر لە سێکتەری پڕۆژەکان بۆ کەرتی نیشتەجێبوون بوو، بەڵام دواتر و لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا سیاسەتی وەبەرهێنانی ئاڕاستەکراو پەیڕەوکرا و کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانی و تەندروستی گرنگی زۆری پێدرا.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار پڕۆژە مۆڵەتی پێدراوە و قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان گەیشتووەتە نزیکەی ٦٦ ملیار دۆلار.
لەم چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمدا ٢٧٢ پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە ١٤ ملیار ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مۆڵەتی پێدراوە، تەنیا لە کەرتی پیشەسازیدا ژمارەی پڕۆژەکان گەیشتوونەتە ٢٧٥ پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە ٢٣ ملیار دۆلار کە زیاتر لە ٣٥ لەسەدی کۆی قەبارەی وەبەرهێنانە، هەروەها لە کەرتی بازرگانیدا ژمارەی پڕۆژەکان بەرزبووەتەوە بۆ ٢٠٥ پڕۆژە، پڕۆژە گەشتیارییەکانیش ژمارەیان گەییشتووەتە ١٨٥ پڕۆژە.
بوونی ستراتیژیەتێک سەبارەت بە وەبەرهێنانی ئاڕاستەکراو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بووژانەوەی بازاڕ دەبێت و رێگری لە چوونە دەرەوەی سەرمایە دەکات، چونکە سیاسەتەکە رووە و کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانی و فێرکردنە، هەریەک لەم سێکتەرانەش خزمەت بە کۆی پڕۆسەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەکات، هەر لە پێگەیاندنی کادیری پێویست و رەخساندنی هەلی کارەوە، تاوەکو راکێشانی سەرمایەی بیانی و بەشداریش دەبێت لە بنیات نانی ژێرخانی ئابووری.