دەستەی ئامار: نرخی کەرەستە و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان دابەزیون

"رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلوول بۆ 11.82% دابەزی"

هەولێر
هەولێر

K24 - هەولێر:

رێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلوولی رابردووی بۆ سەدا 11.82 دابەزی، واتە بەراورد بە مانگی ئابی پێش خۆی سەدا 0.5 دابەزیوە، کە سەدا 12.44ـی تۆمارکردبوو. بەڵام لەسەر بنەمای ساڵانە واتە بەراورد بە هەمان مانگی 2021 بە رێژەی سەدا 7.4 بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

بە گوێرەی نوێترین داتاکانی دەستەی ئامار کە تایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلوول بە پشت بەستن بە ساڵی بنەڕەت کە ساڵی 2012ـە گەیشتووەتە سەدا 11.82.

کە ئەو رێژەیەش لە زۆربەی سێکتەرەکان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لە سەرووشیانەوە نرخی نیشتەجێبوون وەك کرێی خانوو، ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بە رێژەی سەدا 2.3 دابەزیوە.

هەروەها نرخی کەرەستە و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانیش بە رێژەی سەدا 1.9 دابەزیون، بەڵام خواردن و خواردنەوە ناکهولییەکان بە رێژەی سەدا 0.7 بەرزبووەتەوە.