کاندیدبوونی کچە کوردێک بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی پەسندکرا

K24 – هەولێر
توۆڕ سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کچە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدکرد و کاندیدکردنەکەشی قبووڵکراوە.
سیرین مەزلووم نەعسان، 13 ساڵی تەمەنە، خەڵکی شارۆچکەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و چەندین ساڵە بەشداری لە چالاکی هونەری و کۆمەڵایەتی منداڵاندا دەکات.
لە بەیاننامەی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، "کاندیدکردنی ئەو کچە لە بەرامبەر هەوڵە دەگمەنەکانێتی بۆ پاڵپشتیکردن لە هاوتەمەنەکانی خۆی و گەیاندنی خەم و ئازاریان کە بە هۆی شەڕی سووریاوە تووشی بوونە."
سیرین لەگەڵ 170 منداڵی دیکە لە سەرانسەری جیهان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدکراوە و کاندیدکردنەکەشی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە پەسندکراوە.
سیرین، سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکات و بە گوتنەوەی گۆرانی، ژەنینی میوزیک و وێنەکێشان، بەشێک لە خەم ئازاری هاوتەمەنەکانی رەواندووەتەوە. ئەو، ژیانی راستەقینە و ئاواتی منداڵان لە نیگارەکانیدا نیشاندەدات.
ئەو کچە کوردە دەڵێ، لە رێگەی بەشداریکردنی لە چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتییەکاندا دەیەوێ پەیامی خۆی بگەیەنێ و بانگەواز بۆ ئازادی و ئاشتی دەکات.
سیرین چەندین پەیامی ڤیدیۆیی بە کوردی و عەرەبی ئاراستەی جیهانیان کردووە و دەڵێ: شەڕ رابگرن، ئێمە دەمانەوێ منداڵانی سووریا وەک هەموو منداڵانی جیهان، لە مافە سەرەتاییەکانیان سوودمەندبن".


