وردەکاری پاڵپشتى حکومەت بۆ دابەشکردنی نەوتى سپی دەخرێتەڕوو

K24 – هەولێر
حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە دۆخ و بارى ئابوورى هاووڵاتیان، هەمیشە هەوڵیداوە هاوکاربێت و بەشى هەرە گەورەی قورسایی سەر شانى خەڵک هەڵگرێت، ئەمەش لە نەوتى سپی بە تەواوى رەنگى داوەتەوە.
هەرێم و پێویستى نەوتى سپى
کوردستان بە هۆى ساردبوونى، لە چاو شار و شارۆچکەکانى دیکەى عێراق، پێویستى بە سووتەمەنى زیاترە و هەر ئەمەش وایکردووە کە خواستى زۆر، نرخى زیاترى بکەوێتە سەر و ئەم جیاوازییە لە نرخ دا دروستبکات لەنێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عێراق.
لە هەرێمی کوردستان (١,٢٧٤,٣٣٨) خێزان تۆمارکراوە بۆ وەرگرتنى نەوتى سپى لە وەرزى زستاندا و پێویستى هەر ماڵێکیش بە شێوەیەکى گونجاو، ٢٠٠ لیترە. بۆیە بەپێى ئەم بڕەیە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە (٢٥٤,٨٦٧,٠٠٠) ليتر نەوتى سپى هەیە، کە بەهاکەى (٩١,٧٣٢,٠٠٠,٠٠٠) دینارە.
بۆ دابەشکردنى ئەم نەوتەش، میکانیزمێک لە سەر ئاستى پێویستى بەپەلە دانراوە، واتە هەرێمی کوردستان دابەشکراوەتە سەر ناوچەى شاخاویی و دەوروبەرى شارەکان و نێو شارەکان، چونکە سەرما بەپێى ریزبەندییەکە هەرێم دادەگرێت و هەر ئەمەش وادەکات یەکەمجار ناوچە شاخاوییەکان پێویستیان بە نەوت هەبێت تا نێو شارەکان.
ژمارەى خێزان و پێویستى نەوتى سپیش بەپێى دابەشکارییەکەى سەرەوە، بەم شێوەیەى خوارەوەیە:
ـ لە ناوچە شاخاوییەکان، (٢٥٣،٥٩٠) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (٥٠،٧١٨،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى هەیە.
ـ لە ناوچەکانی دەوروبەرى شارەکان، (٢٧٢،٤٤١) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (٥٤،٤٨٨،٢٠٠) لیتر نەوتى سپى هەیە.
ـ لە سەنتەری شارەکان، (٧٤٨،٣٠٧) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (١٤٩،٦٦١،٤٠٠) لیتر نەوتى سپى هەیە.
بەهاى نەوتى سپى لە هەرێم
حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوت هاوردە دەکات و هەر ئەمەش وادەکات کە بەهاى نەوتى سپى زیاتر بکەوێت لە ناوچەکانى دیکەى عێراق، بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستى کردووە لەگەڵ دوو کۆمپانیا بۆ هاوردەکردنى نەوتى سپى، بەڵام لەژێر چاودێرى و بەدواداچوونى بەردەوامى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان. بەپێى گرێبەستەکە، بڕیارە هەردوو کۆمپانیا (٦٤،٦٠٠،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى هاوردەى هەرێمى کوردستان بکەن، تائێستاش کە هێشتا وەرزى سەرما و سۆڵە نەهاتووە، ئەم دوو کۆمپانیایە، (٢٢،١٩٢،٧٥٩) لیتری نەوتى سپییان هاوردە و دابینکردووە و ئەم نەوتەش لە کۆگاکانى حکومەتەوە دابەشى کۆگاکانى پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان کراوە، تا بە زووترین کات بگاتە دەستى هاووڵاتیان. بەپێى ئەو رێوشوێنەى کە دانراوە، بڕى ١٠٠ هەزار دینار بۆ هەر ٢٠٠ لیتر نەوتى سپى (واتە بەرمیلێک) دیارىکراوە، کە بۆ هەر لیترەى دەکاتە (٥٠٠) دینار، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو ٢٠٠ لیترە بە (٢٨٤،٠٠٠) دینار دەکڕێت، واتە بۆ هەر لیترەى (١،٤٢٠) دینار دەدات و کۆى گشتى پارەى هاووڵاتیانیش بۆ نەوت (٣٢,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینارە.
کەواتە هەر لیترى (٩٢٠) دینار دەکەوێت و بۆ ئەو ٢٠٠ لیترەش دەکاتە (٢٨٤،٠٠٠) دینار. واتە حکومەتى هەرێم (١٨٤,٠٠٠) دینارى لەسەر دەکەوێت کە بە رێژە تێچوونەکەی لەسەر حکومەت دەکاتە (٦٤،٧٩٪) و ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بوودجەی سامانە سرووشتییەکان دابینکراوە، کە بۆ ئەو (٢٥٤،٨٦٧،٠٠٠) ليتر نەوتە سپییەى کە بۆ پێویستى هاووڵاتیان لە سەرانسەرى هەرێم دیاریکراوە، دەکاتە (٥٩،٤٣٢،٠٠٠،٠٠٠) دینار. بۆیە بە پارەى هاووڵاتیان کە (٣٢,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینارە و پارەى پاڵپشتیکەرى حکومەت کە (٥٩،٤٣٢،٠٠٠،٠٠٠) دینارە، بڕى (٩١,٧٣٢,٠٠٠,٠٠٠) دینارە کە دەدرێتە هەردوو کۆمپانیاکە و ئەگەر هاووڵاتیش حەزىکرد کە نەوتەکەى بۆ ببرێتە بەردەمى ماڵەکەى و بەرمیل نەبات و بە کرێ نەیگێڕێتەوە، ئەوا (٢٠٠٠) تا (٢,٥٠٠) دینار دیارى کراوە.
پێویستیی نەوتى سپى بە پێى ناوچەکان
هەرێمی کوردستان، ساڵى پار ئەو خێزانانەى تۆمارکردووە کە پێویستیان بە نەوتى سپى هەیە، کە ئەوانیش برتین لە (١,٢٧٤,٣٣٨) خێزان کە بە هەموویەوە پێویستیان بە (٢٥٤،٨٦٧،٠٠٠) ليتر نەوتى سپى هەیە و لە گرێبەستى یەکەمى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە کە بڕیارە (٦٤,٦٠٠,٠٠٠) لیتر هاوردەى هەرێم بکەن، (٢٢،١٩٢،٧٥٩) لیتر هاوردە کراوە و تا کۆتایی مانگی ڕابردوو (٦،٧٤٦،٢٠٠) لیتر نەوتى سپى بەسەر (٣٣،٧٣١) خێزان دابەش کراوە کە دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەیە:.
ـ لە پارێزگاى هەولێر، بڕى (٥،٨٠٢،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى وەرگیراوە و دەست بە دابەشکردنیشى کراوە. لە ناوچە شاخاوییەکان، بڕى (٢،٦٨٠،٢٠٠) لیتر نەوتى سپى بەسەر (١٣،٤٠١) خێزان کراوە.
ـ لە پارێزگاى دهۆک، بڕی (٨،١٧٠،٧٥٩) لیتر نەوتى سپى وەرگیراوە و دەست بە دابەشکردنیشى کراوە. لە ناوچە شاخاوییەکان، بڕى (٣،٨٢٤،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى بەسەر (١٩،١٢٠) خێزان کراوە.
ـ لە پارێزگاى سلێمانی، بڕی (٨،٢٢٠،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى وەرگیراوە، بەڵام تەنانەت یەک لیتریشى دابەش نەکراوە، سامانە سرووشتییەکان ئەمە بۆ کەمتەرخەمی یەکە کارگێڕییەکان دەگێڕنەوە، بەپێى لێدوانى فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى کانزایی سامانە سرووشتییەکان، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دابەشکردنەکە و لیژنەى تایبەت و چاودێریشیان داناوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى نەوت و کانزاکانى ئەو پارێزگایەش پلانى خۆیان داڕشتووە و کۆمپانیاکانى گواستنەوەش ئامادەن، بەڵام بەڕێوەبەرە کارگێڕییەکان کێشەیان هەیە و ئامادە نین، بۆیە هاووڵاتییان لەمەشدا زەرەرمەند بوونە.
ـ لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان، بڕیى (٢٤٢،٠٠٠) لیتر نەوتى سپى لە کۆگاکانى پارێزگاى سلێمانى وەرگیراوە و دابەش کراوە بە سەر (١،٢١٠) خێزان.
چاودێرى لەسەر نەوتەکە هەیە
حکومەت تەنیا کار لەسەر دابینکردن و دابەشکردنى نەوتى سپى ناکات بەسەر هاووڵاتیان، بەڵکو لە رێگەى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانەوە لیژنەى تایبەتمەندى دروستکردووە، بۆ چێککردنى بەردەوامى ئەو نەوتەى کە هاوردە دەکرێت و دواتریش لەنێو کۆگاکان دووبارە تێست و چێک دەکرێتەوە تا دڵنیا ببنەوە لەوەى نەوتێکى کوالێتى باش دەدرێتە هاووڵاتیان، هەر ئەو لیژنانە چەندین نمونە لە نەوتى ئەو خێزانانە وەردەگرن کە نەوتەکەیان بەسەردا دابەشکراوە. فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى کانزایی، بۆ ئەم مەبەستە راستەوخۆ و لەبەردەم ئامادەکارانى ئەم راپۆرتەى پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرمانگەى میدیا و زانیارى، پەیوەندى بە لیژنەکانى بەدواداچوون و چاودێرى نەوتە سپییەکە لە پارێزگاکان کرد، بۆ ئەوەى بزانرێت چەند تانکەرە نەوت رەتکراوەتەوە لەبەر خراپى کوالێتییەکەى کە بەمشێوەیە بوو:
ـ لە پارێزگاى هەولێر، ٣٦ تانکەری ٣٦،٠٠٠ لیتری، رەتکراوەتەوە.
ـ لە پارێزگاى لە دهۆک، ٧ تانکەری ٣٦،٠٠٠ لیتری، رەتکراوەتەوە.
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری