بۆ یه‌كه‌مجار وه‌سیه‌تنامه‌یەکی فرانسۆ هه‌ریری ئاشكرا ده‌بێت
بۆ یه‌كه‌مجار وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كی فرانسۆ هه‌ریری تایبه‌ت به یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا ده‌بێت، كاتێك سێ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌و وه‌سیه‌تنامه‌یه ده‌بینن تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بن و له خۆشیان فرمێسك و گریانیان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 5ـی تشرینی دووه‌می 2022، بارزان ئه‌كره‌م رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی له هه‌ولێری پایته‌خت له پرێس كۆنفرانسێكدا په‌رتوكێكی نۆبه‌ره‌ی خۆی به ناونیشانی "تاڵ و شیرینی ئه‌ستێره‌كانی وه‌رزشی كوردستان" ناساند، له نێو ئه‌م په‌رتوكه‌كه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كی فڕەنسۆ هه‌ریری له زاری سه‌فین كانه‌بی یاریزان و راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه كه تێیدا له‌و په‌رتوركه‌دا چه‌ندان رووداوی دیكه‌ی ده‌گمه‌نی وه‌رزشوانانی كورد باس كراوه.
دوای 22 ساڵ وه‌سیه‌تنامه‌كه ئاشكرا ده‌بێت
سه‌فین كانه‌بی كه پێشتر وه‌كو یاریزان و راهێنه‌ر و كارگێری بۆ چه‌ندان ساڵ له یانه‌ی هه‌ولێر كاری كردووه، بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ربورده‌ی چیرۆكێكی شاراوه‌ی فرانسۆ هه‌ریری دوای 22 ساڵ به‌سه‌ر تیروكردنی ئه‌و سه‌ركرده كورده ده‌دركێنێت.
سه‌فین كانه‌بی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ فرانسۆ هه‌ریری بووم، رۆژێكیان بانگی كردم و وتی، بڕۆ ژماره‌یه‌كی بانكی له بانكی ره‌شید بكه‌وه، هه‌موو مانگێك ئه‌و پاره‌یه‌ی له خانه‌نشینی وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان و پارێزگاری هه‌ولێر وه‌ریده‌گرم بۆم له‌سه‌ر ئه‌و ژماره بانكییه دابنێ.
سه‌فین كانه‌بی كه ماوه‌ی 16 ساڵ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بووه، له‌مباره‌یه‌وه زیاتر ده‌ڵێت: مووچه‌ی هه‌موو مانگێكی فره‌نسۆم ده‌برده بانك، پاره‌كه گه‌یشته نزیكه‌ی 400000 چوارسه‌د هه‌زار دیناری سویسری ئه‌وكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه تیرۆكردنه‌كه‌ی به‌سه‌رداهات و ته‌نیا منیش ده‌مزانی ئه‌و پاره له‌وێ هه‌یه.
سێ مانگ دوای رووداوی تیرۆكردنی فرانسۆ هه‌ریری، یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌وێـته قۆناغی داڕمانی دارایی و نه‌بوونی پاره، دۆخه‌كه به‌جۆرێك خراپ ده‌بێت، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تیش ناتوانێت یارمه‌تیان بدات.
سه‌فین كانه‌بی كه ئه‌وكات له كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر كاری كردووه، به گوته‌ی خۆی له‌وكاته‌دا ته‌نیا بیری بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ی فرانسۆ هه‌ریری ده‌چێت، كه به‌كاریبهێنن بۆ یانه‌ی هه‌ولێر، بۆیه په‌یوه‌ندی به فه‌وزی هه‌ریری كوڕی كۆچكردوو ده‌كه‌ن، تا وه‌ك میراتگرێك بڕێك له‌و پاره بۆ هه‌ولێر خه‌رج بكات، له‌وكاته‌دا سه‌فین كانه‌بی ئه‌و ژماره بانكییه بۆ فه‌وزی كوڕی ئاشكرا ده‌كات، كه به ناوی باوكییه‌وه له‌و شوێنه هه‌یه، فه‌وزی به سه‌فین ده‌ڵێت: برۆ له‌و پاره‌یه بڕی 100000، سه‌د هه‌زار دیناری سویسڕی له‌و پاره‌یه‌ی بانك بۆ هه‌ولێر خه‌رج بكه‌ن.
سه‌فین وه‌كو خۆی ده‌ڵێت كاتێك ئه‌م وه‌ڵامه‌ی فه‌وزی گوێ لێده‌بێت ئه‌و شه‌وه خه‌ریك بوو له خۆشیان باڵبگرێـت، چونكه هه‌ولێر به‌و بڕه پاره‌یه له قه‌یران رزگاری ده‌بوو.
له بانك هه‌مووان تووشی سه‌رسوڕمان بوون
به‌یانی سه‌فین و 3 له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر، كه پێكهاتبوون له سه‌لام حوسێن، فاروق سه‌ید حه‌سه‌ن و سامی سه‌عید ده‌بن، نووسراوه‌كه ده‌به‌نه وه‌زاره‌تی دارایی و رێكاره‌كانی ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌چنه لای به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ره‌شید، به‌ڵام ئه‌وان له‌وێ تووشی شۆك ده‌بن و ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌كرد روویدا، به‌ڕێوه‌به‌ری بانك پێیان ده‌ڵێت: هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئه‌و پاره‌یه به‌وشێوه‌یه ده‌ستكاری بكات، چونكه فره‌نسۆ به‌ر له‌وه‌ی تیرۆر بكرێت خۆی هاتووه و وه‌سیه‌تنامه‌ی خۆی نووسیه‌وه، ئێسته دۆسیه‌كه‌ی ده‌هێنم و به چاوی خۆتان بیبینن چی تێدا نووسرا، دۆسیه‌كه ده‌كه‌نه‌وه و له كاغه‌زێكی ره‌نگ په‌مه‌یی به قه‌ڵه‌مێكی ره‌نگ شین له‌سه‌ری نووسراوه: دوای مردنم هه‌موو ئه‌و پاره‌ی ناو ئه‌و ژماره بانكییه، هه‌رچه‌ندێك بوو بۆ یانه‌ی هه‌ولێر خه‌رج بكه‌ن، ئه‌و پاره موڵكی یانه‌ی هه‌ولێره، له‌وكاته‌دا سه‌فین و ئه‌و 3 ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر تووشی شۆك ده‌بن و له‌خۆشیان فرمێسك و گریانیان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بێت، ئه‌وان ته‌نیا بۆ 100 هه‌زار دیناری سویسری هاتبوون كه‌چی ئێستا بوونه خاوه‌نی هه‌موو پاره‌كه، ئه‌وكات زیاتر وه‌فا و دڵسۆزی فه‌ره‌نسۆیان بۆ ده‌ركه‌وت، وه‌كو چۆن به زیندووی یانه‌ی هه‌ولێری خۆشویستووه، ته‌نانه‌ت حسابی دوای مردنه‌كه‌شی كردووه، كه چۆن یارمه‌تی هه‌ولێر بدات.
"پێش یاریزانه‌كان ده‌چووه مه‌شقه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر"
فرانسۆ له 1937 له دایك ده‌بێت، هه‌ر له منداڵییه‌وه حه‌زی به وه‌رزش كردووه، ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نێك به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه بكات، یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر كردووه، به‌ڵام به هۆی په‌یوه‌ندیكردنی به شۆرش، خه‌ونی یاریكردن و به‌رده‌وامبوونی له وه‌رزش له ناو ده‌چێت، فره‌نسۆ به‌دۆستی وه‌رزشوانان ناسراو بوو، كاتێك له 1996 پۆستی پارێزگاری هه‌ولێری وه‌رگرت، یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن نۆژه‌نكرده‌وه و ئه‌وكات بووه یه‌كێك له جوانترین یاریگه قه‌شه‌نگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراق، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر بوو، به‌ڵام به گوته‌ی یاریزانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه زۆربه‌ی جار پێش یاریزانه‌كان ده‌چووه مه‌شقه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر، سه‌رده‌می پاریزگاریبوونی فره‌نسۆ بۆ وه‌رزشوانان باشترین سه‌رده‌م بووه، له وه‌رزی 1998 ـ 1999 رۆڵی گه‌وره‌ی له گه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ خولی نایابی عێراق هه‌بوو.