سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر بڵاوده‌كاته‌وه‌

k24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه‌، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، بووبێته‌ راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم.

ئومێد سه‌باح، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، فه‌ریدوون عه‌بدولقادر پیاوێكی خه‌باتگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ره‌ و پێشتریش سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی نمیشتمانی كوردستان بووه‌، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ راوێژكاری بازرگانی سه‌رۆكی هه‌رێم.

له‌ به‌شێكی روونكردنه‌وه‌دا هاتووه‌: "بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی بڕیاری داوە لە بەرپرسیارێتی دوور بكەوێتەوە ئەگینا ئەو هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێت".

ئومێد سه‌باح راشیگه‌یاند، پۆستی راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تیدا بوونی نییه‌.

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆمەڵێك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندنەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە بووەتە ڕاوێژكاری بازرگانیی سەرۆك بارزانی، لێرەدا بە هەموو لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر پیاوێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەرە و پێشتریش سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە. هەروەها وەك دۆستێكی نزیكی زۆرجار سەردانی سەرۆك بارزانیی كردووە و جەنابیان ڕێزێكی تایبەتی بۆی هەیە.

بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر خۆی بڕیاری داوە لە بەرپرسیارێتی دوور بكەوێتەوە ئەگینا ئەو هەمیشە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بووەتە ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی لە كاروباری بازرگانی دوورە لە ڕاستی و هیچ ئەساسێكی نییە و پۆستی لەمجۆرەیش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوونی نییە.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

30ـی 6ـی 2016