كوردستان24 هۆكاری وهرنهگرتنی سكاڵای پارێزهرانی كۆمهڵ لهلایهن پۆلیسهوه ئاشكرا دهكات
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ دەستەی پارێزەرانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەولێر سەردانی یەكێك لە بنكەكانی پۆلیسی شاری ھەولێریان كردووە، بەگوتەی خۆیان سكاڵاكەیان لێوەرنەگیراوە و دەركراون، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێریش ھەواڵەكە رەتدەكاتەوە و دەڵێ بەھۆی ئەوەی كاتەكە كاتی ئاڵوگۆڕی دەوامی ئەفسەرانی بنكەكە بووە، داوایان لێكردوون كاتژمێر 6 ی ئێوارە سكاڵاكە تۆماربكەن، بەڵام پارێزەرەكان داواكەیان رەتكردووەتەوە.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەیەوێ سكاڵای یاسایی لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان تۆمار بكات، بەپاساوی ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕوونكردنەوەیەكدا ناوی كۆمەڵی ئیسلامی زڕاندووە، بۆیە دەستەی پارێزەرانی كۆمەڵ ھەوڵیاندا لە رێی بنكەی پۆلیسی ئازادی لە شاری ھەولێر سكاڵاكە تۆماربكەن، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن سكاڵاكەیان لێوەرنەگیراوە.
ھەفتەی ڕابردوو لەسەر ھێرشكردنە سەر كەناڵی ئاسمانی رووداو بە نارنجۆك، ئاسایشی ھەولێر چەند كەسێكی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی ئەو كارە دەستگیركرد، كە دووانیان ئەندامی كۆمەڵی ئیسلامین، تا ئێستاش لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە بەردەوامە، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێریش دەڵێ ئەوكاتەی پارێزەرانی كۆمەڵ ھاتوون سكاڵا تۆماربكەن، كاتی ئاڵوگۆڕی دەوامی نێوان ئەفسەرانی بنكەكە بووە.
دوای كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەستەی پارێزەرانی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بەو دۆسیەیە، بنكەی پۆلیسی ئازادی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەكرد، دۆسیەی دەستگیركردنی ئەندامانی كۆمەڵ پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە، بەڵكو ئەوان دەتوانن لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێرەوە سكاڵاكەی خۆیان تۆمار بكەن.