"گومان دەکرێت ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ ئافرەت بێت"

K24 - هەولێر
جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکەن ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ئیستانبوڵ ئافرەت بێت.
فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ شوێنی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال لە ئیستانبوڵ بە میدیاکارانی گوت: "شەش کەس بەهۆی تەقینەوەکە گیانیان لەدەستداوە و 81 کەسی دیکەش بریندارن و برینی دووانیان سەختە".
گوتیشی: "هیوادارین زوو ئەم دۆخە تێپەڕێنین، لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی تاکو ئێستا بەدەستمان کەوتووە رووداوەکە بە پەلامارێکی تیرۆریستی دادەنێین، کە لە رێگەی تەقینەوەی بۆمبێک لەم چوارڕێیانەوە بێت، پێشبینی دەکرێت لەلایەن هێرشبەرێکی ئافرەتەوە ئەنجامدرابێت".
فوئاد ئۆکتای، ئەوەشی خستەڕوو کە زۆر بە چڕی کارەکان لە شوێنی تەقینەوەکە بەردەوامە، لێکۆڵینەوە لە سەرجەم کامیراکانی چاودێری کراوە و لێدوان لە سەرجەم کارمەندانی دوکانەکانی چواردەوری تەقینەوەکە تەواوی شایەتحاڵەکان لەسەر رووداوەکە کراوە و هەڵسەنگاندنی گونجاو ئەنجامدراوە.
دوێنێ یەکشەممە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، بەگوێرەی دوایین ئامار شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسی دیکەش بریندارن.