سهرۆكی ههرێمی كوردستان پهیامێك بڵاو دهكاتهوه
رۆڵی مامۆستا و قوتابیان به یەكلاییكەرەوە و كاریگەر وهسف دهكات
K24 – ههولێر
سهرۆكی ههرێمی كوردستانی مهسعوود بارزانی بهبۆنهی دهرچوونی ژمارهیهك له قوتابیانی زانكۆی سهڵاحهدین پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردهوه و ڕۆڵی مامۆستا و قوتابیان و ئەهلی زانست به یەكلاییكەرەوە و كاریگەر وهسف دهكات.
له بهشێكی تردا باس له خۆڕاگری گهلی كوردستان له قۆناغه سهختهكانی ژیانی و دهستكهوت و پهلاماری تیرۆریستان و ئابلۆقه و گۆشاری جۆراوجۆر و سهركهوتنهكانی پێشمهرگه بهسهر تیرۆریستان دهكات.
به گرنگ نرخاندنی ئهو دهرفهتهی كه ئهمڕۆ بۆ گهلی كورد رهخساوه، سهرۆك بارزانی پێداگری لهسهر ئهوه دهكات كه كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان وەك میللەتانی تری جیهان خاوەنی سەروەری و كیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی و بەرەو پێشەوە بچێت.
داوا له ڕۆڵەكانی گەلی كورد دهكات لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤدۆستی و نیشتیمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات و بڕوابەخۆبوون گۆش بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانین ببینە نموونەی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێشكەوتن لە ناوچەكە و جیهاندا.
دهقی پهیامی پیرۆزبایی سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهم شێوهیه:
جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە قوتابیانی خۆشەویستی زانكۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی دەرچوونیان بە سەركەوتوویی وەرگرتووە و خۆیان بۆ قۆناغی هەوڵدان و خزمەتكردنی وڵاتەكەیان ئامادە كردووە. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەركی پیرۆزی پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویستیان لەسەر شانە و پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبونیان هەیە. سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆ و كولیژ و بەشەكانی زانكۆی سەلاحەدین دەكەم كە سەرپەرشتیی پڕۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەم خولەیان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە.
مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست
گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە سەرباری بوونی كۆسپ و تەحەددیات توانیویەتی خۆڕاگر بێت و قۆناغی سەخت تێبپەڕێنێت و لە سایەی قوربانیداندا دەستكەوتی گەورە مسۆگەر بكات. گەلی كوردستان قارەمانانە لەبەرانبەر پەلاماری تیرۆریستان و ئابلۆقە و گوشاری جۆراوجۆردا وەستاوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی تیرۆریستانی شكاند و جیهانی سەرسام كرد. كچان و كوڕانی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا نموونەی باڵایان لە گیانفیدایی و ئازایەتی تۆمار كرد كە لە جیهاندا كەموێنەیە و تاهەتایە جێگەی شانازیین.
ئێستا كوردستان بەرگری لە بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات و ئەوە پێگەی گەلەكەمانی لە ئاستی جیهان بەرز كردووەتەوە. گەلی كوردستان دۆست و هاوپەیمانی لە هەموو شوێنێكی جیهان هەیە كە پشتیوانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمانن. كاتی ئەوەیە گەلی كوردستان وەك میللەتانی تری جیهان خاوەنی سەروەری و كیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستی و بەرەو پێشەوە بچێت. هەر بۆیەش پێویستە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤدۆستی و نیشتیمانپەروەری و خزمەتكردنی وڵات و بڕوابەخۆبوون گۆش بكرێن. بۆ ئەوەی بتوانین ببینە نموونەی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێشكەوتن لە ناوچەكە و جیهاندا. بۆ ئەوە مەبەستە ڕۆڵی مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست و ئەهلی زانست یەكلاییكەرەوە و كاریگەر دەبێت.
لێرەدا پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ زانكۆ و قوتابیانی كوردستان ڕادەگەیێنم. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەك ئاستی زانستیی زانكۆكانمان بگاتە ستانداردە جیهانییەكان. هەروەها كەرتە حكوومی و ئەهلییەكان هەلی كار و پێشكەوتن بۆ قوتابیانی دەرچوو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی پسپۆڕی و تواناكانیان بۆ خزمەتكردنی وڵات بەكار بهێنن.
قوتابی و گەنجەكانمان ئومێدی ئەو میللەتەن. خۆشحاڵم بە سەركەوتن و دەرچوونتان و هیوای بەختەوەری و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم.