کەجەکە ئیدانەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ دەکات
"ئێمە زۆر دڵگرانین و سەرەخۆشی لە گەلی تورکیا دەکەین"

K24 – هەولێر
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئیدانەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەوان نیگەرانن بۆ قوربانیانی تەقینەوەکە و سەرەخۆشی لە گەلی تورکیا دەکەن.
کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی تەقینەوەکەی 13ی ئەم مانگەی ئیستانبوڵ دەڵێت: "ئێمە زۆر دڵگرانین، كە لەو هێرشەدا مرۆڤەكان گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوون، سەرەخۆشی لە گەلی توركیا و بنەماڵە و كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەین، كە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین، ئێمە ئەو هێرشە تاریكە رێكخراو و پلان بۆ دانراوە، بە روونی ئایندەی دیموكراسیی گەلانی توركیا دەكاتە ئامانج بە توندی ئیدانە و بە نەفرەتی دەكەین".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاكەپە و مەهەپە بە زۆر و بە پێداگرییەوە دەیانەوێت ئەو هێرشە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەكەمان، زەمینە و بوار بۆ جێبەجێكردنی پلانە تاریكەكانیان و شاردنەوەی راستییەكان دروست بكەن، هەوڵدەدەن راستیی رووداوەكە بشارنەوە، بە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنێكی زۆر سادەوە، مرۆڤ دەبینێت، كە ئاكەپە و مەهەپە ئەم كارەیان كردووە".
کۆما جڤاکێن کوردستان، لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "دەسەڵاتی ئاكەپە – مەهەپە بینییان و تێگەیشتن، كە ناتوانێت ئەو ئامانجە بەدەست بهێنێت، ئێستا دەزانێت، كە پشتیوانیی كۆمەڵگەی لە دەستچووە و ئەگەر بەمشێوەیە بچێتە ناو هەڵبژاردنەكانەوە ئەوا لە دەسەڵاتیش دەكەوێت".
رۆژی 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەیان دەستگیرکردووە و "بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە و ئەنجامدەرەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا".