حکومەتی ئێران رێگە لە خۆپێشاندانی حزبەناوخۆییەکانی وڵاتەکەی دەگرێت

ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران
ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران

K24 – هەولێر

وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ یەکەمجار خواستی چەند حزبێکی ناوخۆی ئەو وڵاتەی بۆ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان ئاشکراکردووە، بەڵام حکومەت مۆڵەتی ئەو کارەی بە حزبەکان نەداوە.

ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی (ئیلنا) هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە دۆخی ئەمدواییەی ئێران و پێنەدانی مۆڵەتی خۆپێشاندان بە حزب و لایەنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە گوتی: بەڵێ، هەندێ حزب داوای پێدانی مۆڵەتی گردبوونەوەیان کردووە، ئێمە لەگەڵیان کۆبووینەتەوە، بەڵام زۆربەیان کۆبوونەوەی ناوخۆیی خۆیان نەکردووە، بۆیە یاساییبوونی کاری ئەو حزبانە دەکەوێتە ژێرپرسیارەوە.

وەحیدی رایگەیاندووە، "پرسەکە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە. دەبێ کۆبوونەوەی ناوخۆییەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێن و بە تەواوی بەپێی یاسا بێت".

وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بە ناوی ئەو حزبانە نەکردووە کە داوای پێدانی مۆڵەتیان بۆ بەڕێوەچوونی "گردبوونەوەی ناڕەزایەتی" کردووە.

رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری
رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری

پێشتر سکرتێری گشتیی حزبی ریفۆرمخوازی كۆماری، کە لە ناو ئێراندا چالاکی سیاسی هەیە، کۆمەڵە پێشنیارێکی بۆ چارەکردنی دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە خستبووەڕوو.

رەسوڵ مونتەجەبنیا، سکرتێری گشتی حزبی ریفۆرمخوازی کۆماری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی (روویداد 24) لەبارەی پێشنارەکانی بۆ چارەکردنی دۆخی ئێستای ئێران، دەڵێت: یان بەپێی دەستووری هەمیشەیی دەبێ ریفراندۆم بکەین، یان مۆڵەت بە خەڵک و حزبەکان بدرێت. هەر بەو شێوەیەی پاوانخوازەکان رێپێوان دەکەن، رێگە بە خەڵکە دژەکانیشیان بدەن، بێنە شەقامەکان و قسەی خۆیان بکەن. هەروەها پێویستە سەکۆکانیش دابەش بکەین. ئێستا سەکۆکان لەدەست چینێکی تایبەته‌ و ئەمەش لە حکومەتێکی دیموکراتدا رێگەپێدراو نییە. کاتێک باسی حکومەتێکی دیموکراتی ئایینی دەکەین، دەبێ رێز لە بنەماکانی بگرین و رێگە بە خەڵک بدەین قسە بکەن، بەڵام بەو شێوەیە نییە و لە راگەیاندنەوە بگرە تا نوێژی هەینی و هەموو بوارەکان، لە دەست چینێکی تایبەتدایە. لەلایەکی دیکەشەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان داخستووە یان سانسۆریانکردووە.

ئەو دووپاتیکردووەتەوە: "دەستووری هەمیشەیی، پەیمانێکی نیشتمانییە و خەڵک دەنگی پێداوە. هەر بۆیە پێویستە دەنگ لەسەر تەواوی کاروباری ئەو وڵاتە بدرێت. ئەوە بەو مانەیەیە، لە رێبەرییەوە بگرە تا ئەنجوومەنی گوندێک، پێویستە بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێن".