حكوومەتی ھەرێم وەڵامی ھەڕەشەكانی ئێران دەداتەوە

"ھەڕەشە لە كەس قبوڵ ناكەین"

K24 - ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا  حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی هەڕەشەكانی سەردار سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەداتەوە و رایگەیاند،  حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەكانی سەردار سەلامی ڕەتدەكاتەوە و دراوسێیەتییەكی هەمیشەییی باش وەك بنەمای پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەبینێت. لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا".

دەقی راگەیاندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە :

سەردار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە وتاری نوێژی هەینیدا لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، هەڕەشەی وێرانكردنی هەرێمی كوردستانی لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.

ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشە نابەجێیەی سەردار سەلامی ڕەتدەكەینەوە و بە هەڵوێستێكی نەگونجاوی دەبینین لەگەڵ پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەتایبەتیش كە لەو ماوەیەدا گفتوگۆی پڕ لە تێگەیشتن و دۆستانە هەبوون لەنێوان هەردوولادا، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و بە هیچ شێوەیەك ئەو هەڕەشانە خزمەتی پەیوەندییەكانمان ناكەن و نابێ بە هیچ شێوەیەك ئەو زمانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت.

ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕوانین و لە هەوڵداین بۆ پێشكەوتنی بەردەوام و زیاتری ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەوەش ئەو هەڕەشانە زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا .

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی پاراستنی پەیوەندی و گەشەپێدانی هاوكاریی دۆستانە و جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەمای دراوسێیەتیی باش و دۆستایەتی و هاوكاریی هەمیشەیی، بەردەوام ویستوویەتی هۆكاری سەقامگیری و ئاشتییەكی ڕاستەقینە بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەربۆیەش نەمانویستووە و نامانەوێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە ناو خاكی ئێران و هیچ دەوڵەتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

2-7-2016