حكوومه‌تی به‌نگلادیش: له‌كۆی 33 بارمته 20یان كوژران
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش چه‌كدار له داكای پایته‌ختی به‌نگلادیش هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ریستۆرانتێك و 33 كه‌سیان تێدا به بارمته گرت، حكوومه‌تی به‌نگلادیش رایگه‌یاند، بیست بارمته له‌گه‌ڵ شه‌ش چه‌كداره‌كه كوژران.
دوێنێ 1ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، شه‌ش چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ریستۆرانتێك له ناوچه‌یه‌كی داكای پایته‌خت، كه شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانییه، 33 كه‌سیان به بارمته گرت و دواتریش رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی له ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌یه راگه‌یاند.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان، ئه‌و شه‌ش چه‌كداره نزیكه‌ی 20 بارمته‌یان كوشتووه و له‌لایه‌ن پۆلیسی به‌نگلادیش به‌لای كه‌مه‌وه 13 بارمته رزگاركراون و هه‌ر شه‌ش چه‌كداره‌كه‌ش كوژران.
هه‌رچه‌نده پێشتر ئاماژه به‌وه كرا كه له ریزی بارمته‌كان، كه‌سانی بیانی هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ره‌گه‌زنامه‌ی كوژراوان رانه‌گه‌یه‌ندراوه.
به گوته‌ی شایه‌تحاڵانیش، ئه‌و شه‌ش چه‌كداره به گوتنه‌وه‌ی "الله اكبر" هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر شوێنه‌كه و ده‌ستییان به ته‌قه‌كردن كردووه.