كوردستان 24 هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران ده‌گه‌یه‌نێته به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا
K24 - هه‌ولێر:
كوردستان 24 له باره‌ی بۆردومانكردنی سنووره‌كان له‌لایه‌ن ئێران و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ئاگادارده‌كاته‌وه.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، جۆن كێربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان 24، له باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان و بۆردومانه‌كانی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌وان هیچ راپۆرتێكیان له‌و باره‌یه‌وه پێ نه‌گه‌یشتووه.
له وه‌ڵامی چاوپۆشیكردن و بێده‌نگبوونی ئه‌مه‌ریكا له‌و هه‌ڕه‌شه و بۆردومانكردنانهی سوپای پاسدارانی ئێران، جۆن كێبری گوتی: "ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ئێمه چاوپۆشی ده‌كه‌ین راست نییه، به‌ڵام ده‌بێت ئاگاداری ورده‌كارییه‌كان بین كه ئایا به‌رپرسانی ئێران چی‌یان گوتووه".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، پێویسته بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌باره‌ی بۆردومانكردن و هه‌ڕه‌شه‌كان، په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی به‌رگری (پنتاگۆن)ه‌وه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له ورده‌كارییه‌كان ئاگاداریان بكاته‌وه.
له باره‌ی نزیكبوونه‌وه و ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و رووسیا و كاریگه‌ری ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه له‌سه‌ر ره‌وشی سووریا، هه‌روه‌ها ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته و لاوازكردنی كورد له سووریا جۆن كێربی رایگه‌یاند، پێویسته ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی به‌رپرسانی ئه‌و دوو وڵاته بكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "توركیا هاوپه‌یمانی ئێمه‌یه له ناتۆ و سنوورێكی فراوانی له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه و به‌شداره له هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و هیوای به‌رده‌وامبوونی بۆ ده‌خوازین له‌و شه‌ڕه‌دا".
راشیگه‌یاند، هه‌رچه‌نده رووسیا به‌شێك نییه له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام ئه‌وان خۆشحاڵن به هه‌وڵه‌كانی مۆسكۆ له شه‌ڕی دژی داعش و دووپاتیشكرده‌وه، ئه‌وان ئاماده‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رووسیا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵێكی كاراتر له شه‌ڕی دژی داعش بگێڕێت.
جۆن كێربی جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بایه‌خه له‌لای ئه‌وان، په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته، كاریگه‌ری نه‌رێنی نه‌بێت له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و شه‌ڕكردن له دژی ئه‌و رێكخراوه.