بەهۆی شەڕی داعشەوە  پێنج هەزار باڵه‌خانه‌ی مێژوویی لە عێراق رووخاون

بەهۆی شەڕی داعشەوە  پێنج هەزار باڵه‌خانه‌ی مێژوویی لە عێراق وێرانبوونه‌
بەهۆی شەڕی داعشەوە  پێنج هەزار باڵه‌خانه‌ی مێژوویی لە عێراق وێرانبوونه‌

K24 - هەولێر:

ئه‌حمه‌د فه‌كاك به‌درانی وه‌زیری رۆشنبیری و گه‌شتوگوزاری عێراق، له‌ خولی سێزده‌یه‌مینی كۆنگره‌ی رۆشنبیری نیشتمانی عه‌ره‌ب رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ چوار پارێزگای عێراق رووبه‌ڕووی كاولكاری و له‌ناوبردن بوونه‌ته‌وه‌.

فه‌كاك رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و شارانه‌ی ده‌ستی تیرۆری پێگه‌یشتووه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 5 هه‌زار باڵه‌خانه‌، 108 مزگه‌وت، 15 مه‌زارگه‌، 18 كڵێسا، 37 قوتابخانه‌، په‌رستگایه‌ك، 13 بازاڕ و مۆڵ،  431 خانووی مێژوویی و مۆزه‌خانه‌ و شوێنه‌واری دێرین بووه و سه‌رجه‌میان پێویستیان به‌ دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌‌.

رۆژی شه‌شی حوزه‌یرانی 2014 ژماره‌یه‌ك چه‌كداری رێكخراوی داعش له‌ خاكی سووریاوه‌ دزه‌یانكرده‌ ناو خاكی عێراق و له‌ میانی سێ رۆژدا و به‌دیاریكراوی له‌ نۆی حوزه‌یران هێرشیانكرده‌ سه‌ر شاری موسڵ و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكرد.

كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌هات، كه‌ هه‌زاران سه‌ربازی سوپای عیراق بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵاتن و چه‌ك و جبه‌خانه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازییان بۆ رێكخراوه‌كه‌ جێهێشت، بووه‌ هۆی به‌هێزبوونی توانای سه‌ربازی داعش و جوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی ده‌ستپێكرد و پێگه‌ی خۆی له‌ عێراق و به‌تایبه‌ت له‌ شاری موسڵ به‌هێزكرد.

ئیداره‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما به‌په‌له‌ هاته‌ سه‌ر هێڵ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ به‌شداریی 22 وڵات پێكهێنرا و هێرشی ئاسمانییان بۆسه‌ر رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستپێكرد و هێرشی پێچه‌وانه‌ دژبه‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی هێرشه‌كانی و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستیبه‌سه‌ردا گرتبوو، ده‌ستیپێكرد.