ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی حەویجە دەست پێدەكات
هێزە عێراقیییكان لە ناوچەی فەتحە خۆیان كۆكردووەتەوە
K24 - هەولێر:
سەرچاوەیەكی سەربازی عێراقی ڕایگەیاند،هێزەكانی عێراقی لە ناوچەی (فەتحە) خۆیان كۆكردووەتەوە و ئامادەكارییە سەربازییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی قەزای (حەویجە) دەستیپێكردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە،ژمارەیەكی زۆری سەرباز و كەرەستەی سەربازی گەیشتووەتە ناوچەی فەتحە لە پارێزگای كەركوك و بەو زووانە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە و ڕزگاركردنی قەزاكە لە دەست داعش دەست پێدەكات.
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، قەزای حەویجە و ناحیەكانی ڕەشاد و زاب و عەباسی و چەند جێگەیەكی دیكە لە ژێر دەستی چەكدارانی داعشدان، و بەردەوام لەو سنورانەوە پەلاماری ناوچەكانی باشور و ڕۆژئاوای كەركوكیان داوە. و ئەو ناوچەیە بە یەكێك لە مۆڵگە سەرەكییەكانی چەكدارانی داعش دادەنرێت و چەندین تاوانی گەورەیان دژ بە خەڵكی ناوچەكە و دیلەكان تێدا ئەنجامداوە.
بەهۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنورە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەرگری لە ناوچەكانی كەركوك كردووە، بەردەوام لەو ناوچانەدا پاشەكشە بە چەكدارانی ئەو گروپە كراوە، و سەرەڕای كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەك لە ژێر دەستی ئەو ڕێكخراوە، زیانێكی گەورەشیان لە داعش داوە.