سۆسیال ئینته‌رناسیۆنال به‌ فه‌رمی پشتگیری خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم راگه‌یاند

له‌ سه‌ر داوای پارتی بووه‌

K24 – هه‌ولێر

به‌ پێداگیری پارتی، ئه‌نجومه‌نی سۆسیال ئینته‌رناسیۆل به‌ فه‌رمی پشتگیری خۆی بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پیشاندا

داوین پێشهاته‌كانی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سۆسیال ئینته‌رناسیۆنال خراوه‌ڕوو.

كۆمبوونه‌وه‌ی رێكخراوی ئه‌نجومه‌نی سۆسیال ئینته‌رناسیۆنال له‌ شاری ژنێف به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ دوو رۆژی یه‌كه‌می سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ پێداگیری شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی سۆسیال ئینته‌رناسیۆل به‌ فه‌رمی پشتگیری خۆی بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ گه‌لی كوردستان له‌ باشووری كوردستان پیشاندا.

هێمن هه‌ورامی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی له‌ كۆبوونه‌كه‌دا گوتارێك سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرد و زانیاری پێویست ده‌رباره‌ی داوین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی داعش، سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌، خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی مافی چاره‌نووس و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و قه‌یران و به‌ربه‌سته‌كانی خسته‌ڕوو:

 

دەمانەوێت لە پرۆسەیەکی ئاشتیانە و بە شێوازێکی دیموکراسی ڕیفراندۆم بکەین 

سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگدانەوەی خەڵک و ئیرادەی ئەوان نییە، کوردستان نایەوێت بەشێک بێت لە وڵاتێکی شکستخوازی وەک عێراق، ئێمە هەوڵ دەدەین بە ئاشی و لێكتێگەیشتن و دیالوگ بگەین بە شێوازێکی نوێ.

ئێمەی کورد دەمانەوێت لە پرۆسەیەکی ئاشتیانە و بە شێوازێکی دیموکراسی ڕیفراندۆم بکەین لە ژێر چاودێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەو ڕێکخراوەی ئێوە سۆسیال‌ ئینتەرناسیۆنال و، ڕێکخراوەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، یەکێتیی ئەوروپا، ئێمە پێویستیمان بە هاوکاریی ئێوە هەیە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو ڕاپرسییەدا.

ئێمە مەبەستمان دابەشبوون نییە، بەڵکو دۆزینەوەی شێوازێکی گونجاوی نوییە بۆ هەماهەنگی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بڕیاردان لەسه‌ر مافی چارەی خونووسین.

 

عێراق دەوڵەتێکی شکەستخواردووە

لە بری ئەوەی بەغدا ببێتە پایتەختێکی هاوکار و بەرپرسی فیدراڵ بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان کە پێویست بوو بەو شێوەیە ببووایە، بەڵام بووەتە گەورەترین سەرچاوەی گرفت و کێشە بۆ کوردستان. بوودجەی هەرێمی کوردستان لە شوباتی 2014ـه‌وه‌  لە لایەن بەغداوە بڕاوە و ڕاگیراوە و، هیچ هاوکارییەکی پێشمەرگەیشی لە جەنگی دژ بە داعش نەکردووە.

عێراق دەوڵەتێکی شکەستخواردووە و سەرکەوتوو نەبوو، پێویستە ئەوە بزانین كه‌ بوونی داعش لە ئاکامی ئەو لاوازییە ، داعش لە ناودەچێت، بەڵام مەترسییەکانی دەمێنێت.

پابەندنەبوون بە دەستوور، نەبوونی توانای کۆنترۆڵکردنی سنوور، نەبوونی هێزێکی سەربازی نیشتمانی، ڕۆڵی ملیشییەکان و نەبوونی دەزگاکانی فیدراڵ، كیشەی تایفی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و، ئاوارەبوونی سێ ملیۆن هاووڵاتی، سەرجەمیان هێمای دەوڵەتی سەرنەکەوتوو و شکەستخواردووی عێراقن.

هەرێمی فاکتەری سەرەکی هێوری و ئارامییە لە ناوچەکە
هەرێمی کوردستان هەر لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992، فاکتەری سەرەکی هێوری و ئارامییە لە ناوچەکە، بەڵگەش بۆ ئەمە دوایین ڕاپۆرتی و ڕاپرسی یەکەی ئیکۆنومیست لە ڕاپرسییەکی بێلایەنە سەبارەت ئاشتی و ئاسایش و، ژینگەی سیاسی و، کارکردن و شێوازی ژیان لە کوردستان ساڵی 2013 بەم شێوەیە بوو:
•  لە ئاستی ئاشتی نێودەوڵەتی کوردستان لە پلەی 115 دێت لە کۆی 163 وڵات و، بە ئارامتر هەژمار دەکرێت لە تورکیا و ئێران، لە کاتێکدا عێراق لە پلەی 160مین وڵات دێت، کە لە پێش سووریا و ئەفغانستان و باشووری سوودان دێت.
• لە ئاستی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان لە پلەی 83 دێت لە کۆی 181 وڵات، یەکسانە لەگەڵ چین و بەرازیل، لە بەرامبەردا عێراق لە پلەی 177 دێت، کە بە یەکێک لە نێوان وڵاتە هەرە ناسەقامگیری و نائارامییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.
•  بە گوێرەی پێوەری ژینگەی سیاسی کوردستان لە پلەی ٥٥ هەژمار کراوە لە نێوان 83 وڵات، یەکسانە لەگەڵ تایلەند، هیند، تورکیا، عێراق لە پلەی 72دایە.
•  پێوەری کارەکانی ژینگە، کوردستان لە پلەی 57 هاتووە لە کۆی 83 وڵات، لە سەرووی ئەندەنوسیا و ژاپۆن دایە و، عێراق لە پلەی 72دایە.
•  پێوەری پەرەپێدانی مرۆیی کوردستان لە ڕیزبەندی 78 هاتووە، زۆر لە سەرووی ناوچەکانی دیکەی عێراقە کە لەریزبەندی 97 هاتووە لە کۆی 188 وڵات.

کوردستان بووەتە پەناگەی زیاتر لە 1.8 ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە و دەربەدەری ناوخۆ 

تا ئیستا 1475 پێشمەرگە له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر شەهید و 8600 كه‌سیش برینداربوونه‌ كه‌ له‌ شه‌هیده‌كان 400 یان لە سەرکردە و پێشمەرگە دێرینەکانن.
لەگەڵ ئەو قوربانییە زۆرەدا، کوردستان بووەتە پەناگەی زیاتر لە 1.8ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە و دەربەدەری ناوەخۆ، لە ئێزدی و کریستان و عەرەب. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو، کوردستان بە ڕێژەی 31% دانیشتووانی زیادی کردووە، ئەم زێدەیەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەرانی هاووڵاتیان بۆ ناوچەیەکی ئارام و هێور، لە ئاکامی سەرکەوتنی داعش لە ناوچەکانی دیکە، بەهۆی شکست و سیاسەتی چەوتی حکوومەتی عێراق.
لە 335000 خێزانی كریستیانی نیشتەجی عێراق، کە بوونیان هەبوو، زۆربەیان ڕوویان لە کوردستان یا لە هەندران کردووە، ئیستا کوردستان مێوانداریی 335000  خیزانیان دەکات..