دوو گوندی دیكە لە دەستی داعش رزگاركران
زیاتر له 30 چەكداری داعش كوژراون
K24 - ھەولێر
ئەفسەرێكی سوپای عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانیان لە باشووری مووسڵ ئەمڕۆ دوو گوندی دیكەیان لە دەستی داعش رزگاركردووە.
رائید ئەمین شوانی ئەفسەر لە لیوای 91ی ھەولێری فیرقەی 15ی سوپای عێراق، بە ماڵپەڕی كوردستان24ی راگەیاند: "لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنمان لە باشووری مووسڵ ھێزەكانمان بە پشتیوانی لیوای 37 ی زرێپۆش توانیمان ھەر یەك لە گوندەكانی حهسرییه و مهحهل و باكووری كهرامهی لە دەستی داعش رزگار بكەین".
لەبارەی زیانە گیانیەكانی داعش ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق گوتیشی: "لەم شەڕەدا زیاتر له 30 تیرۆرستی داعش كوژراون".
ئاماژەشی بەوەدا داعش بۆمب و مینی چێندراوی لەو ناوچەیە داناونەتەوە، تیمهكانمان سهرقاڵی ههڵگرتنهوهی مینه چیندراوەكانن لەم سنوورە".