ئێران لە كۆمسیۆنی ژنانی نەتەوەیەكگرتووەكان دوورخرایه‌وه
K24 – هەولێر:
29 وڵات دەنگیان بە رەشنووسی دوورخستنه‌وه ئێران لە كۆمسیۆنی ژنانی نەتەوەیەكگرتووەكان دا.
نوێنەرانی ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی بە زۆرینەی دەنگ، ئێرانی لە كۆمسیۆنی ژنان لە نەتەوەیەكگرتووەكان دوورخسته‌وه.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 14ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە زۆرینەی دەنگ، ئێرانی لە كۆمسیۆنی مافی ژنانی نەتەوەیەكگرتووەكان دوورخسته‌وه.
29 وڵات دەنگیان پێداوە، ھەشت وڵات رەتیانكردووەتەوە و شانزدە وڵاتیش دەنگیان نەداوە.
بە گوێره‌ی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە (16ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌رەوە تا 25ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، خۆپێشاندان به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی، كه له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاكاری ئێرانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو دواتر گیانی له‌ده‌ستدا، لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان به‌رده‌وامه و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێردمنداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هەروەها 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون و هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی هرانا، لەو ماوەیدا لە 143 زانکۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان کراوە و 565 قوتابیش دەستگیرکراون.