حكومه‌تی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوه‌كان كاتییه

K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دووپاتكرده‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی دەکاته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (15ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەئەنجامی گۆڕینی میکانیزمی کارکردنی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیدا کاتییە، هەروەها دڵنیایی دەداتە سەرجەم هاووڵاتییان کە دۆخی دارایی وڵات لە باشترین دۆخی خۆیدایە.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌كراوه‌ته‌وه، پێویسته هه‌موو وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگانان هه‌ماهه‌نگبن له‌گه‌ڵ بانكه‌كان و بانكی ناوه‌ندی له‌ڕێگه‌ی كاركردن به رێكاره بازرگانییه‌كان كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان كاریپێده‌كرێت، له‌كاتی هاورده‌كردنیشدا پشت به به‌ڵگه‌نامه‌كان ببه‌ستن بۆ پاراستنی مافه‌كانیان و به‌های نرخی هاورده‌كراو كه ئه‌مه‌ش واده‌كات سوود له ئاسانكارییه بانكییه‌كان وه‌ربگرێت.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، چه‌ند رۆژێكه به‌های نرخی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی له بازاڕه‌كانی ناوخۆی عێراق دابه‌زیوه، به‌شێوه‌یه‌ك 100 دۆلاری ئه‌مریكی گه‌یشته 152 هه‌زار دینار، كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی كه‌لووپه‌ل و كاڵاكان له بازه‌ڕه ناوخۆییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه.