گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی له ئوردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:
گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی به به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی له ئوردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، میدیاكانی عێراق بڵاویانكردووه‌ته‌وه، سبه‌ی سێشه‌ممه، محه‌ممه شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ به‌شداریكردن له گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی، كه له عه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ردانی شانشینی ئوردن ده‌كات.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه رۆژنامه‌وانییه‌كان، گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسه‌كه له ناوه‌ندی (شاھ حوسێن بن ته‌ڵال) له ناوچه‌ی ده‌ریایی مردوو، له رۆژئاوای عه‌مانی پایته‌خت به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
وابڕیاره له گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسه‌كه‌دا، كه تێیدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری ناوچه‌كه تاوتوێده‌كرێت، به‌رپرسانی هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی ئوردن، میسر، كوێت، سعوودییه، ئیمارات، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین و فه‌ره‌نسا به‌شدارده‌بن. میدیاكانی عێراق ده‌ڵێن، "ئه‌گه‌ر هه‌یه ئیران و توركیاش به‌شداری له كۆنفرانسه‌كه‌دا بكه‌ن".
به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كۆنفرانسه له كاتێكدایه، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دوو جار په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییان له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسه‌كه ئه‌نجامداوه و له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییانه‌دا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له رێبازی نێوه‌ندگیری و هاوسه‌نگانه‌ی عێراق له پرسه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها دووپاتیكردووه‌ته‌وه، عێراق كارده‌كات بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه‌كانی كۆنفرانسه‌كه.
گه‌ڕی یه‌كه‌می كۆنفرانسی (به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی)، رۆژی شه‌ممه 28ـی ئابی 2021، له به‌غدای پایته‌ختی عێراق به‌ڕێوه‌چوو. له كۆنفرانسه‌كه‌دا نۆ وڵاتی عه‌ره‌بی و بیانی به‌شداریان تێدا كرد، بێجگه له چه‌ندین رێكخراوی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی.