ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیەندرا

K24 – ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت و لە ئێستاوە پێشکەشکاران دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
راگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بەڕێژەى (10 بۆ 25%) کەمدەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
پێشکەشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان لە ئێستاوە دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە، هەروەها پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ ڕۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت.