نەخۆشخانەیەک لە بەسرە هێشتا دروست نەکراوە زیاتر لە هەشت ملیار دیناری تێچووە
K24 – هەولێر
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای دەکات، لە بەسرە نەخۆشخانەیەک پێش ئەوەی دروست بکرێت تێچووەکەی هەشت ملیار دیناربووە.
بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بە چەند بەدواداچوونێکیان کردووە و رایگەیاندووە، تیمی کاری بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەسرە، دوای بەدواداچوون و وردبینی، بۆیان دەرکەوتووە کە تێچووی نەخۆشخانەیەک کە هێشتا هیچ کارێکی تێدا نەکراوە بریتی بووە لە 8 ملیار و 64 ملیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نەخۆشخانەی فێرکاری بەسرە، دەستیان بەسەر ئامێری چاککردنەوەی بینین (لاسیک)دا گرتووە، کە لە ساڵی 2019ەوە بێکارە، لە ئەنجامی پڕنەکردنەوەی بوتڵی غاز، ئامێرەکە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی داهاتی دارایی وەزارەتی تەندروستی لە پارێزگاکە و وەستاندنی کارپێکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ بووەتە هۆی بەهەدەردانی پارەی گشتی بە بڕی (2,160,000,000) دینار.
بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی عێراق راشیگەیاندووە، جیا لەوەی چاودێری 13 ئەمبولانس کراوە، کە زیاتر لە سێ ساڵە لە بەشی فریاگوزاری خێرای تەندروستی بەسرە کاریان نەکردووە.