سزاکانی خۆرئاوا کەرتی گەشتیاری لە ناوخۆی رووسیا بووژاندووەتەوە
K24 – مۆسكۆ:
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆی خستە ژێر باری چەندین سزا و گەمارۆی نێودەوڵەتییەوە، بەم هۆیەوە هاووڵاتیانی رووسیا نەیانتوانی گەشتی دڵخوازی خۆیان بکەن، بەڵام گەشتیارەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو روویان کردە ناوچە گەشتیارییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە، پەرلەمانتارانی روسیا دەڵێن، سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی وڵاتەکەیان بەخێر و قازانجی کەرتی گەشتیاری شکاوەتەوە.
بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رووسیا لەدژی ئۆکرانیا، وڵاتانی خۆرئاوا چەندین سزایان سەپاندە سەر مۆسکۆ، بەهۆی سنووردارکردنی پارەدانی خزمەتگوزارییەکان لە دەرەوەی وڵات و وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و پێنەدانی ڤیزا بە رووسەکان، گەشتیارانی رووسیا لە گەشتی دڵخوازی خۆیان بێ بەشبوون، بەڵام پەرلەمانتارێکی رووس دەڵێت: سزاکانی خۆرئاوا قازانجێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری رووسیا گەیاندووە.
لهو بارهیهوه، تاتیانا لەباچ، جێگری سەرۆکی لیژنەی گەشەپێدانی گەشتیاری لەپەرلەمانی رووسیا بۆ كوردستان24 رایگهیاند، ئەمە یەکەمجارە رووبەڕوو دەبینەوە لەگەڵ سنورداری لە بواری گەشتیاریدا، بەڵام بە گەشبینییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەین، چونکە ئێستا گەشتیاری لەناوخۆی وڵاتدا گەشە دەسەنێت، ئەو گەشتیارانەی ساڵانی پێشوو دەچوون بۆ وڵاتانی خۆرئاوا بۆ پشوو، ئێستا پێیان پەسەندە لەناوخۆدا گەشت بکەن، ئەمساڵ قەوقاس جمەی دەهات لە گەشتیار، کراسنەدار و کەمچاتکە گەشتیاری باش رووی تێکرد، هەنووکە کار زۆر لەسەر گەشەدان بە گەشت بۆ ناو ژینگەی خاوێن و پارکی سروشتی دەکرێت، لەم ماوەیەدا خوێندنەوەمان بۆ لایەنی بەهێز و لاوازی خۆمان کردووە، دەبێت شوێنی مانەوەی زیاتر دابین بکەین بۆ گەشتیار، ماڵی تاک و شوێنی مانەوەی بە کۆمەڵ پێویستە بنیاد بنرێن.
بەهۆی جەنگی مۆسکۆ و کیێڤەوە، رووسیا ژمارەیەک فڕۆکەخانەی ناوچە سنورییەکانی داخستووە، بەڵام گەشتیارە رووسەکان لەڕێگەی ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرەوە خۆیان گەیاندە ناوچە گەشتیارییەکانی باشور و ناوەڕاست، پەرلەمانتارێکی رووسیا دەڵێت، ژمارەی ئەو وەبەرهێنەرانهش زیاد بووە کە ئامادەن وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بکەن.
سەنگاجی تەڕبایێڤ، سەرۆکی لیژنەی گەشتیاری و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە پەرلەمانی رووسی بۆ كوردستان24 گوتی: رووسیا وڵاتێکی مەزن و دەوڵەمەندە لەهەموو هەلومەرجێکی سیاسیدا دەشێت کەرتی گەشتیاری ناوخۆ گەشەی پێبدرێت، لێرە هاووڵاتیان باش شارەزای وڵاتی خۆیان نین، پتر کاتیان بە گەشتەوە لە دەرەوەی وڵات بەسەر دەبرد، لەپاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت گەشتی تورکیا و میسر و تایلاند و وڵاتانی خۆرئاوا هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە بەناوخۆدا گەشتیاری برەوی پێبدرێت، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا رووسیا بووهتە مایەی سەرنجی گەشتیاری بیانیش، خۆشبەختانە لەگەڵ گەشەی شەپۆلی گەشتیاران بۆ رووسیا ژمارەی ئەو وەبەرهێنانەش زیاد بووە کە ئامادەن وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بکەن، ئێستا لە وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ڕووسیا دەکەن، بەتایبەت لە چین و هیندستانەوە، پشوو لە کەناری دەریاکان زۆر باوە و بەشێوەی بەرفراوان خەڵک ڕوو لەو ناوچانە دەکات، بەتایبەت کراسنەدار و کریمیا، نزیک بە 10 ملیۆن بەو ئاراستەیە گەشتیار دەڕۆن، ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر گەشتی قەوقاسیان کرد و داغستان گەشتیاری زۆری وەخۆگرت، هاوکات رۆژهەڵاتی دووریش هەمیشە جێی سەرنجی گەشتیاران بووە و هەرواش ماوە.
ئەگەرچی بەهۆی سزا و گەمارۆکانی وڵاتانی نەیاری کرێملین، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی رووسیا نەیانتوانی بەئارەزووی خۆیان سەردانی وڵات و ناوچە گەشتیارییەکانی دڵخوازی خۆیان بکەن، هەربۆیە گەشتیارانی رووسیا لە ناوخۆی وڵاتەکە پشوویاندا، پەیوەست بەم بابەتە پەرلەمانتارانی روسیا دەڵێن، گەمارۆکانی وڵاتانی خۆراوا بەخێر و قازانج بۆ وڵاتەکەیان شکایەوە و کەرتی گەشتاری ناوخۆی رووسیای بوژاندووەتەوە.