مه‌سرور بارزانی به‌ فه‌رمی بانگهێشتی ئیتاڵیا ده‌كرێت

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جۆرجا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جۆرجا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا كۆبووه‌ و له‌لایه‌ن جۆرجا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیایه‌وه‌ به‌ فه‌رمی بانگهێشتی ئیتاڵیا كرا.

ئەمڕۆ هەینی (23ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجا میلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کرد.

پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا.

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر نیشاندا و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرد و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و بەتایبەتی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی کریستیانەکان بەرز نرخاند. خواستی وڵاتەکەشی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بکات.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئیتاڵیای کرد کە رۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، گوتیشی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بەهێزی دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنیگدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەوڕوپا بەڕووی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

باشان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و کارو چالاکییەکانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتیکردەوە کە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا،  دڵگەرمی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان و هيوای خواست، پەیوەندی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا پەرەبسەنێت.