زانیاری نوێ لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ

K24 – هەولێر

نزیکەی 11 هەزار دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ فۆڕمیان بۆ دامەزراندن لە کەرتی تایبەت پڕکردووەتەوە و بڕیارە لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا خوولەکانیان دەستپێبکەن.

هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نزیکەی 11 هەزار فۆڕم لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پڕ کراونەتەوە و لیژنەی باڵا هەڵسەنگاندنی بۆ کردوون".

ئەو، بە کوردستان24 دەڵێ: بەپێی یاسای پەیوەندیدار، پێویستە لە تەواوی پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ، سەرپەرشتیارێکی دەرچووی بەشە پەیوەندیدارەکان هەبێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە و رەخساندنی هەولی کار بۆ دەرچووان لە کەرتی تایبەتدا، هەنگاوی پێویست نرا و  هەڵسەنگاندن بۆ نزیکەی 11 هەزار فۆڕم کراوە.

هیوا عەلی، زیاتر گوتی: لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، ئەو کەسانە دەبێ بەشداریی خوولی راهێنان بکەن و ئەگەر سەرکەوتوو بوون، بە چەند قۆناغێک وەک سەرپەرشتیار لە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ یان سامانی ئاژەڵ دادەمەزرێن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەک نموونە باس لە بوونی سی هەزار خانووی پلاستیکی و دوو هەزار و 264 پڕۆژە لە سێکتەری پەلەوەر و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان دەکات و بەو پێیە، ئەگەری دامەزراندنی تەواوی دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان لە کەرتی تایبەتدا هەیە، بەڵام پێویستی بە کات هەیە.