رۆژانه‌ حه‌وت هه‌زار كارتۆن هێلكه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت

هێلكه‌
هێلكه‌

K24 - هه‌ولێر:

هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکە، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵی زیاترده‌دات بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی هێلکە بۆ هه‌نارده‌كردنی بۆ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌.

بەپێی ئاماره‌كانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هەرێمی کوردستان ساڵانە 919 ملیۆن و 800 هەزار هێلکە، هەرناردەی دەرەوە دەکات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌دا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی خۆبژێوی و به‌شێوه‌یه‌ك بەرهەمی رۆژانەی هێلکە 50% زیاترە لە پێویستی ناوخۆ.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی پلانه‌كانی حكومه‌ت، گرنگییەکی زۆر بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بازاڕی دەرەکی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساغکردنەوەی بەرهەمی هێلکەی پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە.

هه‌روه‌ها فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكردووه‌، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت، له‌پێناو بونیادنانی بناغەیەکی گرنگی ئابووری، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی خۆراکێکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان، هەروەها پەرەپێدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ 33 پرۆژە بەرزبوونەتەوە، کە بەراورد بە پێشتر 200% زیادی کردووە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دوو ملیار و 918 ملیۆن و 577 هەزار هێلکەیە، کە بەڕێژەی 100% بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێشتر.

سه‌باره‌ت پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە، له‌ هەولێر 15 پرۆژە، له‌ سلێمانی 11 پرۆژە، له‌ دهۆك پێنج پرۆژە و له‌ گەرمیان دوو پرۆژەی به‌رهه‌مهێنانی هێلكه‌ هه‌یه‌.

پێشتر، بڕی بەرهەمی رۆژانەی هێلکە ملیۆنێک و 80 هەزار بوو، لەکاتێکدا رێژەی پێویستی ناوخۆیی لە رۆژێکدا دوو ملیۆن و 520 هەزار بوو، به‌و پێیه‌ش رێژەی کورتهێنانیش لە رۆژێکدا ملیۆنێک و 440 هەزار بوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، رێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و 40 هەزار، لەو رێژەیەشدا دوو ملیۆن و 520 هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی دابیندەکرێت.

بەرهەمی رۆژانە هێلکە لە هەرێمی کوردستان، 14 هەزار کارتۆنە، کە 50% لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە، رۆژانە حه‌وت هەزار کارتۆن هێلکە دەنێردرێتە دەرەوە و حه‌وت هەزار کارتۆنیش له‌ بازاڕەکانی ناوخۆ ساغده‌کرێنەوە.