وەزارەتی ئەوقاف: تا ئێوارە دیارنییە سبەی جەژن دەبێت یان رەمەزان

پشت بە پێشبینیەكان نابەسترێت

K24 - ھەولێر

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ئەوقاف رەتیكردەوە، كە ھێشتا یەكلای بووبێتەوە سبەی یەكەم رۆژی جەژنە یان كۆتایی مانگی رەمەزانە.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە ماڵپەڕی كوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی لە ئێستاوە لەسەر زاری ھەندێك لە دامەزراوەكان بڵاوكراوەتەوە كە سبەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، پشتی پێنابەسترێت، چونكە تا ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ بڕیارنەدات دیار نییە كە ئاخۆ بەیانی یەكەم رۆژ جەژن دەبێت یان كۆتا رۆژی مانگی رەمەزان".

گوتیشی: "ئەمڕۆ ئێوارە لیژنەی بینینی مانگ لە كوردستان لە شوێنە بەرزەكانەوە چاودێری دەكەن بۆ ئەوەی دواتر بڕیار دەدرێت، ئەوەی دەگوترێت لەبارەی جەژنەوە تا ئێستا پێشبینیە پشت بە پێشبینیەكان نابەسترێت".

سەبارەت بۆ بڕیاردان و دیاركردنی یەكەم رۆژی جەژن لەگەڵ بەغدا مەریوان نەقشبەندی گوتی: "بێگومان لەگەڵ بەغدا ئاگامان لە یەكترە لە بڕیاردان، لەگەڵ دیوانی وەقفی سوننە ھەماھەنگیمان دەبێت، بەوپێیەی كەشوھەوا ئەمڕۆ لە كوردستان روونە دەتوانرێت لە شوێنە بەرزەكان مانگ ببینرێت، بۆیە پێموایە ئەمساڵ دەردەكەوێت كە سبەی جەژن دەبێ یان رەمەزان".

ئەمە لەكاتێكدایە روانگەی ئیسلامی بۆ چاودێری مانگ رایگەیاندووە كە سبەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.