ئێران داوايه‌ك ئاراسته‌ى ئيسرائيل ده‌كات

ئێران داوای ئازادکردنی چوار دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی لە ئیسرائیل دەکات.

K24 – هه‌ولێر:

ئێران داوای ئازادکردنی چوار دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی لە ئیسرائیل دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە، کە ئیسرائیل چوار دیپلۆماتکاری ئەوانی رفاندووە و لە هەموو ئەگەرێکدا ئەوان بەرپرسیارن.

ئەمڕۆ دوو شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێکدا دووپاتی كرده‌وه‌، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای 34 ساڵ پێیوایە کە ناوەندە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل چوار دیپلۆماتکاری ئێرانیان لە لوبنان رفاندووە و دەبێ زوو یان درەنگ ئیسرائیل دان بەوەدا بنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاسی هەندێک وڵات دەکات کە یارمەتیان داون و بەدواداچوونیان بۆ کەیسی ئەو چوار دیپلۆماتکارە كردووه‌. بەڵام راشیدەگەیەنێت کە لە هەموو ئەگەرێکدا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشان.

لە ساڵی 1982 چوار دیپلۆماتکاری پلە بەرزی ئێران لە لوبنان لەلایەن کەسانی نەناسراو رفێندران و تاران، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکات و ئەو وڵاتەش بەردەوام رەتیدەکاتەوە.