پوتن به ساڵنامه‌ی خۆرهه‌ڵاتی یادی له‌دایكبوونی مه‌سیح ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، دمیتری بیسكۆڤ، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، ئه‌مشه‌و ئاماده‌ی مه‌راسیمی تایبه‌ت به له‌دایكبوونی عیسای مه‌سیح ده‌بێت.
گوتیشی: به گوێره‌ی نه‌ریتی خۆی، پوتن سه‌ردانی یه‌كێك له ناوچه‌كان ده‌كات و ده‌چێته كڵێسه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی عیسای مه‌سیح بكات.
روونیشیكرده‌وه، پوتن به گوێره‌ی مه‌زهه‌بی ئه‌رتۆدۆكسی و له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵنامه‌ی خۆرهه‌ڵاتی له كڵێسه‌كانی نۆڤۆ ئوگاریۆڤۆی ده‌وروبه‌ری مۆسكۆ یادی له‌دایكبوون پیرۆز ده‌كات.
به گوێره‌ی ساڵنامه‌ی خۆرهه‌ڵاتی، كه مه‌زهه‌بی ئه‌رتۆدۆكسی بڕوایان پێی هه‌یه، شه‌وی حه‌وتی یه‌نایر، عیسای مه‌سیح له‌دایكبووه، له كاتێكدا كاسۆلیكه‌كان بڕوایان وایه له 25ی دیسه‌مبه‌ر له‌دایكبووه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ڤلادیمێر پوتن، بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی له‌دایكبوونی عیسای مه‌سیح و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاده له خۆرئاواییه‌كان، بڕیاری دا ئاگربه‌ست له ئۆكرانیا رابگه‌یه‌نێت.