جامی کەنداو، کێشەی نوێی نێوان ئێران و عێراق

K24 – هەولێر
پەیامی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی بەڕێوەچوونی جامی "کەنداوی عەڕەبی"، کاردانەوەی ئێرانییەکانی لێکەوتەوە و کێشەیەکی دیکەی لە کێشەکانی نێوان عێراق و ئێران زیادکرد.
جامی کەنداو رۆژێ هەینی (6ـی کانوونی دووەم) لە شاری بەسرەی عێراق بەڕێوەچوو و رۆژی 19ـی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت. لەگەڵ دەستپێکی ئەو جامە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی ئەو جامەی لە وڵاتانی کەنداو کرد و وەک "جامی کەنداوی عەرەبی" ناوی هێنا.
هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش، هەمان دەستەواژەکەی محەمەد شیاع سوودانی بەکارهێنا و ئەمە کاردانەوەی میدیا ئێرانییەکانی لێکەوتەوە.
تا ئێستا کاردانەوەکان بەشێوەی فەرمی نەبووە، بەڵام لە زۆربەی میدیاکانی ئێران رەخنەی توند لە لێدوانەکانی سوودانی و سەدر گیراوە و وەک "هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی عێراق" ناویان هێناوە.
پێگەی میدیایی "رادار نیوز"، لە هەواڵێکدا بە سەردێڕی "بێڕێزی موقتەدا سەدر بە یەکپارچەیی خاکی ئێران"، باسی لە لێدوانی بەرپرسانی عێراقی کردووە.
هەروەها ناوەندی میدیایی "نۆئەندیش"، سەردێڕی هەواڵێکی پەیوەندیدار بەم بابەتە بەو شێوەیەیە، "ساختەکردنی ناوی خەلیجی فارس لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە".
کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دژی بەکارهێنانی ناوی "کەنداوی عەرەبی"ـیە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵای لەوبارەیەوە تۆمارکردووە و دەیەوێت ناوی "کەنداوی فارسی" بەکاربێت.
هەر بۆیەش میدیاکانی ئێران کە رەخنەیان لە لێدوانی بەرپرسانی عێراقی گرتووە، بەم شێوەیە ناوی کەنداویان نووسیوە، "خلیج ع – ر – ب – ی".